پارێزگاری سلێمانی داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات خۆیان لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەگلێنن
پەرەگراف
پارێزگاری سلێمانی هۆشداریی بە پارتی و یەکێتی دەدات کە کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێن و خۆیان لەو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە نەگلێنن "کە لە هەفتەو ڕۆژەکانی ئایندەدا ڕوو دەدەن".
هەڤاڵ ئەبوبەکر پێیوایە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە مەترسین لەسەر کوردستان و دەڵێت "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ سەختتر نابینم.. ئەگەری زۆری شەڕی ئەرمینیاو ئازەربایجان هەیەو بۆ نەگبەتی پارتی و یەکێتی بەسەر ئەرمینیاو ئازەربایجانیشدا دابەش بوون".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بە قەیرانی مووچەش کرد و وتی "ئەگەر حکومەت بەخێرایی کیشەی بودجەو مووچە چارەسەر نەکات کێشەی گەورە دروست دەبێت. فشارەکانی سەر هەرێم بەشێکیان پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەوە هەیە لە کەرکوک".
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڕیارە ١٨-١٢-٢٠٢٣ ئەنجام بدرێت و لایەنە کوردستانییەکان بە چەند لیستێک بەشدارییان کردووەو نەیانتوانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا کۆببنەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت "داوام لێکردوون وەک پەنەکەیانداوەو بە جیا بەشداری دەکەن بەڵێن بدەن دوای هەڵبژاردن لە فراکسیۆنێکی نیشتمانیدا یەکبگرن، پێشتر یەکیش بوین پارێزگارمان لەدەستدا".
پرسی کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەشێکی دیکە بوو لە وەڵامی پارێزگاری سلێمانی بۆ ڕۆژنامەنووسان، وتی "هەوڵەکانمان بەردەوامە، ئەوەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین لایەنی کارگێڕی و مەدەنی و یاساییەو لەو لایەنانەوە کێشەی نییە، تێبینییەکانی تورکیا سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرین و پێویستە لایەنی دیکە وەڵامیان بداتەوە".