دژەتیرۆری كوردستان: بۆمبێك لەسەر پردێكی پەڕینەوە لە هەولێر تەقییەوە

01-09-2023 09:19

پەرەگراف

دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی) ڕایدەگەیەنێت، ئەو دەنگە گەورەیەی لە نزیك پردێكی پەڕینەوەی پیادەڕۆ لە هەولێر بستراوە، "تەقینەوەی بۆمب بووە و هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە".

دژەتیرۆری كوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "بەگوێرەی زانیارییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023، لە كاتژمێر 6:29 خولەك، بۆمبێك لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیك مزگەوتی سپی تەقییەوە".

تەقینەوەكە لەسەر شەقامی شەستمەتریی شاری هەولێر بووە و دژەتیرۆری كوردستان دەڵێت "جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێكی گیانیی لێ نەكەوتەوە".

هێشتا دەزگا ئەمنییەكانی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر هیچ ڕاگەیەندراو و زانیارییەكیان لەسەر ڕووداوەكە بڵاو نەكردووەتەوە و دژەتیرۆریش دەڵێت "لێكۆڵینەوەكان لەوبارەوە بەردەوامیی دەبێت".