پەرەگراف
فەرمانداری یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە)، بانگەشەكانی وەزارەتی بەرگریی توركیا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر قەندیل و ئاسۆس ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "بۆردوومانەكان هیچ زیانی گیانیی نەبووە".
شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زنجیرەیەك هێرشیان لەناو قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا. وەزارەتی بەرگریی توركیا دەڵێت "ژمارەیەكی زۆر چەكداری پەكەكە كوژراون".
هێرشەكان لە كاتژمێر 12:30 خولەك دەستیان پێ كرد و تا كاتژمێر دووی شەو بەردەوام بوون. وەزارەتی بەرگریی توركیا دەڵێت، بارەگاكانی پەكەكەی لە چیای قەندیل و چیای ئاسۆس كردووەتە ئامانج. فەرمانداری یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە)یش دەڵێت "فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە چڕی بۆمبارانی گوندەكانی سەر بە هەرێمی شارباژێڕی لە دەوروبەری چیاكانی ئاسۆس كردووە".
یەرەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بۆردوومانەكان هیچ زیانی گیانیی نەبووە و پڕوپاگەندەكانی دەوڵەتی توركیە لەم بارەیەوە هەموو دوورە لە ڕاستی و بە تەواوی درۆیە". جەختیش دەكاتەوە كە "لەو بۆردوومانەدا تەنیا زەرەر بە باخ و باخچەی خەڵكی هەرێمەكە گەیەندراوە".
ڕاگەیەندراوەكەی فەرمانداری یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پاش ئەوە هات كە بەیانیی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی توركیا لەبارەی هێشەكانەوە ڕایگەیاند "لە ئۆپراسیۆنەكەدا 16 ئەشكەوت، چوار حەشارگە و دوو كۆگای پێداویستیی سەربازی لەناو براون، ژمارەیەكی زۆریش چەكداری پەكەكە كوژراون".
یەرەكە لە بەرانبەر هێرشەكانی توركیادا داوا دەكات "گەلی ئێمە لە هەموو بەشەكانی كوردستان و بە تایبەتی گەلی باشووری كوردستان، خاوەن هەڵوێست بن و بەرامبەر بەو هێرشانە بێدەنگ نەمێنن".