بافڵ تاڵەبانی: قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم دەدەین

01-09-2023 01:00

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە و لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان دەدەن.

سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا لەبارەی کۆنگرەی پێنجی حیزبەکەی کە بڕیارە ٢٧ی ئەم مانگە ببەسترێت، باسلەوە دەکات بڕوایان بەنوێبوونەوە ھەیەو لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاودەنێن و خۆیان نوێ دەکەنەوە.

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی

هەڤاڵە سەربەرزەکانم

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە 26 هەزار شەهید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتیسیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر.

یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش هەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و هاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم، بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.

هەروەها جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لەمافەکانی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی جیهان بێت.

خوشک و براکانم

هەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان هەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەهێزتربوونی یەکێتییەکەمان سازدەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و هەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە هەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و هەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.

خۆشەویستان

مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان هێندە زێڕینە کە هیچ هێزێک لەخۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش هێز و کاریگەریی یەکێتی لە هەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای هەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەهێزیی یەكێتی واتە بەهێزیی هەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت هەموو هەڤاڵێکمان ئەوەیلەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت هەموو هەوڵ و هەنگاوێکتان هاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر

ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی هەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا ولەبەرامبەر هەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.

هەڤاڵان

ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا هەڵگرتووە و بەهیواوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەوکۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەهێزتر و نوێگەر هەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەهیداندەنووسینەوە.

شاد و سەرفرازبن

برا و دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان