لە 31ی ئابدا پارتی و یەكێتی بەیاننامەی توند دژی یەكتر دەردەكەن

31-08-2023 02:55

پەرەگراف

یەكێتی دەربارەی 31ی ئاب دەڵێت "ئەم خیانەتە وەك زۆر ناپاكیی تری پارتی، لە یادەوەریی میللەتەكەماندا پەڵەیەكی ڕەشی قەترانییە". مەكتەبی سیاسیی پارتیش كە ڕووداوی 31ی ئابی ساڵی 1996 بە "خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان" ناو دەبات، بە پەندێكی عەرەبییش وەڵامی یەكێتی دەداتەوە و دەڵێت "جواب الٲحمق السكوت".

شەوی ڕابردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕاگەیاندراوێكی سەبارەت بە ساڵیادی 31ی ئاب بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە "27 ساڵ لەمەوبەر كە هەمووی پێنج ساڵ بوو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەسەر زوڵم و زۆرداریی ڕژێمی بەعسدا ڕاپەڕ‌یبوون، پارتی بە بیانووی پڕ‌وپووچی تێكچوونی باڵانسی هێزەكان لە شەڕ‌ی ناوخۆ، جارێكی تر ئەو سوپای ئەنفال و كیمیابارانەیان هێنایەوە سەر خاكی كوردستان و شاری هەولێر".

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەشڵێت "بە داخەوە ئەو هێزەی بەرپرسە لە خیانەتی 31ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە ڕووداوەكانی مێژوو، لەسەر هەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بەهەمان نەفەسی تەسكی بەرژەوەندی پارتێتییەوە، ئاگری ناكۆكی و ناپاكی خۆش دەكات كە دیارە بەهەڵە لە دانبەخۆداگرتن و سەبری هوشیارانەی دەربەستانی ئایندەی كوردستان تێگەیشتووە".

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی لە وەڵامدا، بەیاننامەكەی یەكێتی بە "بەیاننامەیەكی دوورودرێژی بێ ناوەرۆك و دوور لە ڕاستی و پڕ چەواشەكاری" ناو دەبات و دەشڵێت "ڕووداوی 31ی ئابی ساڵی 1996، خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان و لە سایەی دەرئەنجامەكانیدا، هەرێمی كوردستان بەرەو ئاراستەی نیشتمانی و ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری هەنگاوی نا".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاندووە "ئێمە وەڵامی ئەو بەییاننامە پڕ لە تۆمەت و دوور لە ڕاستییە نادەینەوە، چونكە ناوەرۆكەكەی ئاستی خۆیان نیشان دەدات و (جواب الٲحمق السكوت)".

دەقی ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی پارتی:

هاووڵاتیانی خۆڕاگری كوردستان…

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ڕێكەوتی 30ی 8ی 2023 بەیاننامەیەكی دورودرێژی بێ ناوەرۆك و، دورلەڕاستی و پڕ چەواشەكاری بە بۆنەی 31ی ئاب بڵاوكردۆتەوە. ڕووداوی 31ی ئابی ساڵی 1996 خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان و لە سیایەی دەرئەنجامەكانیدا هەرێمی كوردستان بەرەو ئاراستەی نیشتیمانی و ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری هەنگاوی نا.

ئێمە وەڵامی ئەو بەییاننامە پڕ لە تۆمەت و دور لەڕاستییە نادەینەوە، چونكە ناوەرۆكەكەی ئاستی خۆیان نیشان دەدات و، (جواب الٲحمق السكوت).

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

31ى ئابى ٢٠٢٣

 

دەقی ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی:

بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لەسەر بانگهێشت و بە چاوساغی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێزەكانی گاردی كۆماریی رژێمی دیكتاتۆری بەعس شاری هەولێری پایتەختی كوردستان و پایتەختی خەونی ئازادی و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەكانی وڵاتەكەمانیان داگیركرد و زیانێكی كوشندەو جەرگبڕ‌یان لەماناكانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دا كەهەرگیزاو هەرگیز لە بیر ناچنەوە.

هەمووی پێنج ساڵ بوو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەسەر زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس راپەڕ‌یبوون و بەشێكی خاكی نیشمانیان لەچنگ دەرهێنابوون، كەچی پارتی بە بیانووی پڕ‌وپوچی تێكچوونی باڵانسی هێزەكان لە شەڕ‌ی ناوخۆ، جارێكی تر ئەو سوپای ئەنفال و كیمیابارانەیان هێنایەوە سەر خاكی كوردستان و شاری هەولێر، كە لە ئەنجامدا سەدان پێشمەرگە و تێكۆشەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی شەهید و برینداربوون، سەدانیان بەدیل گیران و بێسەروو شوێن كران و دەبابەكانی ئەوسوپا شۆڤێنییە شكۆی پارلەمانی هەڵبژێردراوی خەڵكی كوردستانیان شكاند و ئەزموونەكەمانیان، لەسەرەتای پێكهاتنییەوە، لە كەداركرد.

هەرچەندە ئەم خیانەتە وەك زۆر ناپاكی تری مێژووی ئەم حزبە لە یادەوەری میللەتەكەماندا پەڵەیەكی رەشی قەترانییە و بەسەدان پاكانەی خیتابی ئیعلامی وكتێبی ناڕ‌است و گێڕ‌انەوەی چەواشەكاری رووداوەكان ناسڕ‌درێتەوە، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێزە سیاسییە دەربەستەكانی كوردستان، پاڵپشت بەو ئومێدەی بە ئایندەی گەلەكەمان و رەوایی و مەسەلەی كورد هەیانە، پاڵپشت بەوەی ناكرێت پڕ‌ۆسەی سیاسی وڵاتەكەمان لە شوێنێكدا چەق ببەستێت و پەكی بخرێت، بۆیە تێكڕ‌ا قەدەری باشتری ئاشتی و پێكهاتنەوەیان هەڵبژارد و بەسەر برینی ناپاكی و خیانەتدا بازیان دا و هەوڵیان خستەگەر بۆ پاراستنی ئەوی ماوە لە شكۆی ئەزموونی نەتەوەكەمان، لاپەڕ‌ەیەكی تازەیان بۆ ئاشتی و تێهەڵچوونەوەی خەباتی دیموكراتی هەڵدایەوە. روخانی سوپای رژێمی هاوكاری كارەساتی سی ویەكی ئاب لە پڕ‌ۆسەی ئازادی وهەروەها هەرچی دەسكەوتی گەلەكەمان هەیە، لەدانپیانانی دەستووریی بە هەرێمی كوردستان و سیستمی فیدڕ‌اڵی بەرهەمی دانبەخۆداگرتنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پەرۆشی نیشتمانپەروەرانەیە بۆ دواڕ‌ۆژی كوردایەتی و سەروەری كوردستان .

بەڵام بە داخەوە ئەو هێزەی بەرپرسە لە خیانەتی 31ی ئاب، لە جیاتی دەرس وەرگرتن لە رووداوەكانی مێژوو، لەسەر هەمان سیاسەتی چەوتی بەردەوامە و تازە بە تازە، بەهەمان نەفەسی تەسكی بەرژەوەندی پارتێتییەوە، ئاگری ناكۆكی و ناپاكی خۆش دەكات كە دیارە بەهەڵە لە دانبەخۆداگرتن و سەبری هوشیارانەی دەربەستانی ئایندەی كوردستان تێگەیشتووە، بۆیە وا ئێستاش بە تۆمەت داتاشین و تەشهیری بێبنەما بۆ هێزە نیشتمانپەروەرەكان، لەسەرووی هەمووشیانەوە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یادەوەری تیژی مێژوو تاقیدەكاتەوە، پارە و پاوەر و تەزویری میدیایی بێ شوماری بۆ ئەم چەواشەكارییە خستووەتەگەڕ‌، لە جیاتی ئەوەی هەوڵبدات بە یەكجاری برینەكانی مێژووی خیانەت سارێژ بكات و بە سیاسەتی دروستی كوردستانی و نەتەوەیی ئەو لاپەڕ‌ە رەشە لە مێژووی خۆی و كوردستان بسڕ‌ێتەوە، كەچی هەمیشە لە هەوڵی شەرعییەتپێدانی چەواشەكارانەی ئەو خیانەتەدایە و بێ باكانە مامەڵە لەگەڵ پڕ‌ۆسەی سیاسی و ئایندەی گەلەكەمان دەكات.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان:

لەم یادە تاڵەدا ئێمە هەمیشە لە بری كینە بەخشینەوە و تۆڵە كردنەوە، دەمانەوێت شوێنەوار و پاشماوە خراپە دەروونی و مەعنەوییەكانی ئەو كارەساتە نەتەوەییە و گشت كارەساتەكان بە یەكجاری بسڕ‌ینەوە و بە پەرۆشەوە پێداگیری لەوە دەكەین كە ویستی خۆسەپاندن وەلا بنرێ و بژاردەی راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕ‌انی و دیموكراسی و دادپەروەری راستەقینە لە كوردستاندا بچەسپێندرێت. بۆ ئەم سیاسەتە نیشتمانییە دروستە بە ئاگاییەوە ئامادەی خەبات و قوربانیدانین، بێ ئەوەی لە مێژووی رەشی ئابی 1996 و كەموكوڕ‌ییەكانی تر غافڵ بین.

لەیادی ئەو رۆژە رەشە و بۆ یادی هەموو شەهید و قوربانیانی گەلەكەمان، سڵاو لە سەرجەم شەهیده قارەمان و سەربەرزەكانی گەلەكەمان بەتایبەتی شەهیدە سەربەرزەكانی موقاوەمەتی داگیركردنی پایتەختی كوردستان، لە رۆژی رەشی 31ی ئابی 1996دا .

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

٣٠ى ئابى ٢٠٢٣