پەرەگراف - چەمچەماڵ
دوو تۆمەتباری كوشتنی حسێن مەلا ئەحمەد، خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكەی چەمچەماڵ، دەستگیر كران و چوار تۆمەتباری دیكەش لەو دۆسیەدا هێشتا دەستگیر نەكراون.
بەیانیی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "دوای كۆكردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر شوێنی خۆحەشاردانیان، لە ئۆپراسیۆنێكی سەركەوتوودا لە سنووری پارێزگای دیالە هەردوو تۆمەتباری ڕووداوەكە دەستگیر كان".
حسێن مەلا ئەحمەد، خاوەنی كیڵگەیەكی پەلەوەری لە چەمچەماڵ، ڕۆژی 7-5-2023 لەلایەن خێزانێكی عەرەبەوە كە لە كێڵگە پەلەوەرییەكەیدا كاریان دەكرد، كوژرا.
قائیمقامی چەمچەماڵ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو تۆمەتبارانە باوك و كوڕێكن و بە ئەسڵ خەڵكی پارێزگای دیالەن، دوێنێ لە سنووری پارێزگای دیالە دەستگیر كراون".
قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو خێزانەی كاریان بۆ خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكەی چەمچەماڵ كردووە، لای هێزە ئەمنییەكان خۆیان نەناساندووە و خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكە نەچووە لای ئیدارەی قەزا كەفالەت و گرەنتییان لێ وەربگرێت.