لە سلێمانى 10 حاڵەتی تووشبوون بە كۆلێرا تۆمار كرا

31-08-2023 12:02

پەرەگراف

تەندروستیی سلێمانی تۆماركردنی 10 حاڵەتی تووشبوون بە كۆلێرای ڕاگەیاند كە لە تاقیگەكانی بەغداد پشتڕاست كراونەتەوە و دەشڵێت ڕۆژانەش نزیكەی 250 حاڵەتی سكچوون و ڕشانەوە تۆمار دەكرێن. داوا لە هاووڵاتیان دەكات ئاوی خاوێن لە ماڵەكانیاندا بەكار بهێنن.

دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پەتای سكچوون و ڕشانەوە بڵاوبووەتەوە، ڕۆژانە زیاتر لە 100 حاڵەت سەردانی نەخۆشخانە حكومییەكانی ناوشار و نزیكەی 100 حاڵەتیش سەردانی نەخۆشخانەكانی دەورەبەر و نزیكەی 50 حاڵەتیش سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەكان دەكەن، بەشێك لەوانە تووشبووی كۆلێران".

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی جەختی كردەوە كە "پێویستە هاووڵاتیان هۆشیار بن و پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەكان. هۆكاری سەرەكیی تووشبوون و گواستنەوەی نەخۆشییەكە ئاوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان ئاوی خاوێن بەكار بهێنن".

سەبارەت بە مەترسییەكانی نەخۆشییەكە مەترسییەكە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی تووشی كۆلێرا دەبن، ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێن، ئەگەری هەیە بە چەند كاتژمێرێك گیان لەدەست بدەن، یان گورچیلەكانیان لەدەست بدەن.

دكتۆر سەباح هەورامی جەختی كردەوە كە هەر كەسێك تووشی سكچوون و ڕشانەوە بوو دەبێت بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە بكات.