پەرەگراف
خێزانێكی كورد کە لە چوار ئەندام پێکهاتوون، بە كوژراوی لە ماڵەكەیاندا لە ئەمریكا دۆزرانەوە. چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش منداڵێكی ئەو خێزانە لە ئاودا خنكاوە. هێشتا پۆلیس بۆی یەکلا نەبووەتەوە كە ڕووداوەكە خۆكوژییە و لەلایەن ئەندامێكی خێزانەكەوە ئەنجام دراوە، یان بە جۆرێکى دیکەیە.
ڕووداوەكە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە شاری ئاڵن لە ویلایەتی تەكساسی ئەمریكا ڕووی داوە و هێشتا پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە بۆ ئاشكراكردنی وردەكارییەكانی.
خێزانەكە پێك هاتووە لە پیاوێك بە ناوی (فەرمان شێروانی) و ژنێك بە ناوی (لەیلا شێروانی)، هەروەها دوو کوڕیان بە ناوەكانی (مەتین)ى تەمەن دوو ساڵ و (شاهین)ى تەمەن 12 ساڵ.
بەپێی میدیایەكی ئەمریكی، ڕۆژی دووشەممە 28-8-2023، داپیرەی ئەو خێزانە پەیوەندیی بە پۆلیسی شاری ئاڵنەوە كردووە و لە ڕووداوی تەقەكردن لە ماڵەكەیاندا ئاگاداری كردوونەتەوە.
دوای ئەوەی پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە، تەرمی ئەو چوار ئەندامەی خێزانەكەیان بینیوە.
داپیرەی ئەو خێزانە گوێی لە دەنگی تەقە لە ماڵەكەیاندا بووە و هەوڵی داوە بچێتە ناو ماڵەكەوە، بەڵام دەرگاكە داخراوە و بۆی نەكراوەتەوە، پاشان پەیوەندیی بە پۆلیسەوە كردووە.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش كچێكی تەمەن چوار ساڵی ئەو خێزانە لە ئاودا خنكاوە، بەڵام وردەكاریی زیاتر لەسەر ڕووداوی خنكانی ئەو منداڵەیان بڵاو نەکراوەتەوە.
لە مزگەوتی شاری ئاڵن لە ویلایەتی تەکساس نوێژی مردوو لەسەر تەرمەکانیان کرا.