لەسەر مامەڵەی پاسپۆرت گرژی لە نێوان قائیمقام و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دروست دەبێت
پەرەگراف
لەسەر مامەڵەی پاسپۆرتی هاووڵاتیان، گرژى لە نێوان قائیمقام و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دروست دەبێت. قائیمقامیەتی هەڵەبجە دەڵێت "بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دوور لە هەموو دیسپلینێكی سەربازی و ئیداری، وەڵامی قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوە و هەوڵی داوە پشێوی دروست بكات".
بەپێی ڕوونكردنەوەی قائیمقامیەتی هەڵەبجە، هاووڵاتیان "سكاڵای زۆر"یان سەبارەت بە ئیشوكارەكانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە هەیە و ئەمڕۆ نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە، بە مەبەستی "بەدواداچوون بۆ سكاڵای هاووڵاتیان و چۆنیەتی ڕایكردنی مامەڵەكانیان"، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی كردووە.
هێشتا بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆتی هەڵەبجە سەبارەت بە گرژییەكانی ئەمڕۆی نێوان قائیمقام و بەڕێوەبەری پاسپۆرت هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نەداوە.
ڕوونكردنەوەیەك لە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجەوە بۆ ڕایگشتی:
لە ماوەی رابردوودا سكاڵایەكی زۆری هاووڵاتیان لەڕێگەی نامەو تەلەفوونەوە بۆ قائیمقامییەتمان هاتووە، سەبارەت بە ئیشوكارەكانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە، ئەمڕۆ خاتوو نوخشە ناسح قائیمقامی هەڵەبجە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ سكاڵای هاووڵاتیان و چۆنییەتی رایكردنی مامەڵەكانیان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەی كرد.
هاوكات بەڕێز قائیمقامی هەڵەبجە داوای لە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە كردووە كە بەیەكەوە بچن گوێ لە سكاڵای ئەو هاووڵاتیانە بگرن كە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكەی دەكەن تا لەنزیكەوە لە كەموكووڕییەكان بكۆڵنەوە، بەڵام بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دوور لە هەموو دیسپلینێكی سەربازی و ئیداری وەڵامی بەڕێز قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوەو هەوڵیداوە پشێوی دروست بكات.
هاوكات بەڕێز قائیمقامی هەڵەبجەش بەڕێز پارێزگارو سەرو خۆی لەم كارە ئاگادار دەكاتەوە، داواش دەكات لێپرسینەوە لەو بەڕێوەبەرە بكرێت كە كەمتەرخەم بووە بەرانبەر هاووڵاتیان و ئەركەكەی.
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە
30-8-2023