شاندی ھەرێم بەرەو بەغداد بەڕێکەوت بۆ مووچە

30-08-2023 03:04
سەردانێکی پێشتری شاندی هەرێم بۆ بەغداد

پەرەگراف

شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەرەو بەغداد بەڕیکەوت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق دەربارەی مووچەو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، شاندەکە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی سەرۆکایەتی دەکات، "بەمەبەستی بەدواداچون بۆ مووچەی مانگی تەمووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق".

لە کۆتا ڕۆژەکانی مانگی هەشتداین و هێشتا وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دیار نییە، حکومەتی هەرێم بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە کە زیاتر لە پێنج مانگە ڕاگیراوە، توانای پێدانی مووچەی نییەو چاوەڕێی ناردنی پارەیە لە بەغداوە.

سەرەتای ئەم مانگە بەغداد ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ هەرێم نارد، کە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانیش ناکات و لە داهاتی ناوخۆ پارەکە تەواوکرا بۆ مووچەی مانگی شەش.

هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٤٠ ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.

هەرێمی کوردستان بەغداد تۆمەتبار دەکات بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکان و یاسای بودجە، کە بەپێی ئەو یاسایە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ١ ترلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە مانگانە ٩٠٦ ملیار دینار لە یاساکەدا تەرخان کراوە.

پاساوی بەغداد بۆ ڕەوانەنەکردنی تەواوی پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە ئەوەیە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە ڕاگیراوەو عێراق ناتوانێت ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلە لە هەرێم وەربگرێت کە بەپێی یاسای بودجە خراوەتەئەستۆی، بەڵام ڕاگرتنی هەناردەی نەوت پەیوەندیی بە هەرێمەوە نییەو تورکیا بۆرییەکانی داخستووەو داوا دەکات عێراق لەو یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووە خۆش ببێت کە دادگای پاریس سەپاندوویەتی بە سەریدا بەهۆی ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت بەبێ ڕەزامەندیی عێراق.

سەردانی ئەمڕۆی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی سەختدایەو ناتوانێت مووچە دابین بکات، شەوی ڕابردووش وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، ناردنی ٥٩٨ ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی ‏دارایی عێراقەوە وەكوو قەرز بۆ دابەشکردنی مووچە، پێشنیار نەكراوە تا ڕەت بكرێتەوە.