سەفین دزەیی: تا ئێستا هەنگاوی کرداری نەنراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم
پەرەگراف
سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا هەنگاوی کرداری نەنراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، تورکیاش لایەنگری ئەوەیە کە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.
دزەیی وتیشی "عێراق 5 ملیار دۆلار زیانی لە خۆی و هەرێمی کوردستان داوە بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە".
ئەو زیانەش زۆر زیاترە لەو یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووە کە پێویستە تورکیا بیدات بە عێراق بەهۆی دۆڕاندنی سکاڵایەک لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس.
هاوکات كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان كە لەلایەن ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و غازەوە پێكهێنراوە کە لە هەرێم كار دەكەن، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەگەر هەناردەی نەوتیش دەست پێ بكاتەوە، كۆمپانیاكانی كۆمەڵەكەیان نەوت بەرهەم ناهێنن، تا دڵنیا نەبنەوە لەوەی كە چۆن بەگوێرەی ڕێككەوتنەكانیان، شایستە داراییەكانی ڕابردوو و داهاتوویشیان بۆ هەناردەی نەوت وەردەگرن.
حكومەتی هەرێم بووە بە ژێر قەرزی ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانەوەو داوای سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزەكانیان دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت پێنج مانگی تێپەڕاندووە و لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجیی لەلایەن كۆمپانیاكان، نیگەرانیشن لە ناڕوونیی داهاتووی كەرتی نەوت لە هەرێم.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئەوەش دەخەنەڕوو، ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی بە هەموو لایەك گەیاندووەو کردنەوەی بۆریی هەناردەی نەوت بۆ توركیا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ دەسپێكردنەوەی گرنگترین كەرتی پیشەسازیی خۆی كە نەوتەو 80%ی ئابوورییەكەی لەخۆ دەگرێت.
كۆمپانیاکانی نەوت پێشتریش داوایان لە هەولێر و بەغداد كرد، لە گفتوگۆكانیان بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز، ڕێز لەو مافانەیان بگرن كە لە گرێبەستە نەوتییەكانیاندا هاتووە و بەپێی مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیكردنە لە بەرهەمهێنان، ئەو جۆرەش لە گرێبەست حكومەتی عێراق كاری پێ ناكات و ڕەخنەی زۆری لەسەری هەیە.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕەخنەش لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق دەگرن و دەڵێن: رەچاوی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی كوردستان، یان بڕگەكانی تایبەت بە گرێبەست نەکردووە كە بوونەتە هۆی گەشەی ئابووری لە زیاتر لە 15 ساڵی ڕابردوودا.
مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان كە لە هەرێمی كوردستان بەكاردێت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدرێت و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنیی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
حكومەتی هەرێم بە مۆدێلی هاوبەشیكردن لە بەرهەمهێنان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجام داوە، ئەو جۆرەش لە گرێبەست لەلایەن بەغداوە ڕەت دەكرێتەوەو پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم بەوجۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر و كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی خزمەتگوزاریی كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.