كۆمپانیا نەوتییەكان مەرجیان هەیە و دەڵێن: هەناردەی نەوتیش دەست پێ بكاتەوە، نەوت بەرهەم ناهێنین
پەرەگراف
ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، گرەنتیی پاراستنی ماف و شایستە داراییەكانیان دەكەنە مەرج بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و ڕایدەگەیەنن بەبێ ئەو مەرجە، ئەگەر هەناردەی نەوتیش دەست پێ بكاتەوە، نەوت بەرهەم ناهێنن.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان كە لەلایەن ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و غازەوە پێكهێنراوە لە هەرێم كار دەكەن، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەگەر هەناردەی نەوتیش دەست پێ بكاتەوە، كۆمپانیاكانی كۆمەڵەكەمان نەوت بەرهەم ناهێنن، تا دڵنیا نەبنەوە لەوەی كە چۆن بەگوێرەی ڕێككەوتنەكانیان، شایستە داراییەكانیانی ڕابردوو و داهاتوویشیان بۆ هەناردەی نەوت وەردەگرن".
حكومەتی هەرێم بووە بە ژێر قەرزی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی كەرتی نەوتی كوردستان و داوای سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزەكانیان دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت پێنج مانگی تێپەڕاندووە و لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجیی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە، نیگەرانیشن لە ناڕوونیی داهاتووی كەرتی نەوت لە هەرێم.
كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت پێشتریش داوایان لە هەولێر و بەغداد كرد، لە گفتوگۆكانیان بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز، ڕێز لەو مافانەیان بگرن كە لە گرێبەستە نەوتییەكانیاندا هاتووە و بەپێی مۆدێلی هاوبەشیكردنە لە بەرهەمهێنان، ئەو جۆرەش لە گرێبەست حكومەتی عێراق كاری پێ ناكات و ڕەخنەی زۆری لەسەری هەیە.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوە نووێیەكەیدا كە دوێنێ 28-8-2023 بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت "ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی بە هەموو لایەك گەیاند، لەوانە: حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێم، وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكان و خەڵكی عێراق".
"زیانی ئابووریی ڕاگرتنی نەوت (لە پێنج مانگدا) بە چوار ملیار دۆلار دەخەمڵندرێت، ئەو زیانەش زۆر زیاترە لەو بڕە پارەی كە حكومەتی عێراق لە یەكێك لە پێنج داواكارییەكەی لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی وەری گرتووە"، كۆمەڵەكە وا دەڵێت.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان تیشكی خستووەتە سەر ئەوەش كە "كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-توركیا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ دەسپێكردنەوەی گرنگترین كەرتی پیشەسازیی خۆی كە 80%ی ئابوورییەكەی لەخۆ دەگرێت".
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە نوێنەرایەتیی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بوار نەوت دەكات، پەیامی بۆ هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق نارد كە مافەكانیان بخرێنە ناو بودجەی عێراق و هەر یاسایەكی تایبەت بە نەوت و گاز لە عێراق و كوردستان.
هاوكات كۆمەڵەكە بە گرنگی دەزانێت بۆ داهاتووی پیشەسازیی نەوت، پێدانەوەی مافەكانیان مسۆگەر بكرێت كە بریتییە لە وەرگرتنەوەی خەرجییەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و ئەو قازانجانەی كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەیانكەوێت بەپێی گرێبەستی هاوبەشیكردن لە بەرهەمهێنان.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوە نوێیەكەیدا ڕایگەیاندووە "ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، رەچاوی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی كوردستان، یان بڕگەكانی تایبەت بە گرێبەست كە بوونەتە هۆی گەشەی ئابووری لە زیاتر لە 15 ساڵی ڕابردوودا، نەكردووە".
كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان كە لە هەرێمی كوردستان بەكار دێت بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنیی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
حكومەتی هەرێم بە مۆدێلی هاوبەشیكردن لە بەرهەمهێنان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجام داوە، ئەو جۆرەش لە گرێبەست لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەت دەكرێتەوە.
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم بەوجۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر و كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی خزمەتگوزاریی كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.