ئێران: 19-9-2023 دوا وادەیە بۆ چەككردنی گرووپە چەكدارەكانی ناو خاكی هەرێم

28-08-2023 11:56

پەرەگراف

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق، تا 19-9-2023 دەبێت حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی نیشتەجێی ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە چەك دابماڵدرێن و بۆ كەمپ بگوازرێنەوە.

ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە "بە هیچ شێوەیەك ئەو وادەیە درێژ ناكرێتەوە و بەپێی ڕێككەوتنەكە حكومەتی عێراق ئەو گرووپە چەكدارییانە بۆ ئەو كەمپانە دەگوازێتەوە كە خۆی دیاریی كردوون".

كەنعانی دەشڵێت "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بونیادنەرانەیە و بەرپرسانی هەرێمی ڕێز لە بۆچوونەكانی ئێمە دەگرن". هەروەها باس لە سەفەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت "وادەی ئەو سەفەرە دیاری نەكراوە، بەڵام دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕوو بدات".

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە کە "سەرجەم چەك و كەرەستەی سەربازی لە گرووپە كوردییەكان دەسەندرێنەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ خێزانەكانیان دەگوازرێنەوە ناوچەكانی ڕۆژئاوای عێراق".

وەكوو ئاژانسەكە ئاماژەی پێ‌ كردووە، ڕێككەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ چەككردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێ دەكرێت و ١٩ی ئەیلول وەكوو دوا وادەی داخستنی بارەگاكانی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەكانی ئێران و عێراق دیاری كراوە.