نێچیرڤان بارزانی: ناڵێین هەموو شتێكی دەسەڵاتی دادوەری دروستە و لەژێر هیچ گوشارێكی سیاسیدا نییە

27-08-2023 08:47

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند، ناڵێن هەموو شتێكی دەسەڵاتی دادوەری دروستە و لەژێر هیچ گوشارێكی سیاسیدا نییە، دەشڵێت "یاسا دەسەڵاتی بە دادوەر داوە كە ئازاد بێت، ئەوە ئەركی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرانە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن. ئەركی دادوەرە دەبێ خۆی قبووڵی نەكات و ڕازی نەبێت هیچ كەس و لایەن و دەسەڵاتێك، هیچ شتێكی بەسەریاندا بسەپێنن".

ئەمڕۆ لە ڕێوەڕەسمی دەرچوونی 60 دادوەر لە خولی پەیمانگای دادوەراندا، كە 45 دادوەر و 15 جێگری داواكاری گشتی بوون، سەرۆكی هەرێم وتارێكی پێشكەش كرد و وتی "بوون بە دادوەر، ئەركێكی سەختە و بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە بەرامبەر بە خوا و ویژدان و كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی و ئێوە دەبێ لە ئاستی ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییەدا بن".

نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان، وتی "نەمانگوتووە و ناڵێین لە هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەك لەبەردەم سەربەخۆیی دادوەری و سەروەریی یاسادا نییە! ناڵێین هەموو شتێكی دەسەڵاتی دادوەری دروستە و لەژێر هیچ گوشارێكی سیاسیدا نییە!"، دانیشی بەوەدا نا كە "كێشە و تەحەدیی جددی لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا هەیە كە پێویستی بە چاككردنەوە و چاكسازییە"، بەڵام سەرۆكی هەرێم هاوكات دەڵێت "ئیرادەیەكی جددیمان هەیە، سوورین‌ و بەردەوام لە كار و هەوڵداین بۆ چاككردنی".