600 ئەندام بەشداریی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی دەكەن؛ سیستمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوە

27-08-2023 02:14

پەرەگراف

وتەبێژی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانی ڕایگەیاند "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا بڕیار دراوە 600 ئەندام بەشداریی كۆنگرە بكەن". ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش دەڵێت "كۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆكی دێنین، چونكە شكستی خواردووە".

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی كۆبووەوە، لە ئێستادا ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیش لە كۆبوونەوەدایە. كۆبوونەوەكان تایبەتن بە ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی كە بڕیارە ڕۆژی 27-9-2023 ئەنجام بدرێت.

پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی، بە میدیای حیزبەكەی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ بڕیار دراوە لەسەر تەسدیقكردنی ژمارەی ئەندامانی بەشدار لە كۆنگرە و بڕیار درا 600 ئەندام بەشداریی كۆنگرە بكەن".

تەلار لەتیف ئاماژەی بەوەش كرد "لیژنەی ئامادەكاری بۆ كۆنگرە لە هەر چوار ئۆگانی دەزگای هەڵبژاردنەكان، مەڵبەندی دیراسات، ناوەندی كاروباری یاسایی و مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتی پێك دێت و هەفتەی ئایندە دەست بە كار و ئامادەكارییەكان دەكات".

وەكو وتەبێژی كۆنگرەی یەكێتی باسی كرد "ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی ئێستا، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پێشوو، دەستەی دامەزرێنەران و پێشمەرگەگانی 70 ڕاستەوخۆ دەبن بە ئەندامی كۆنگرە".

هەر ئەڕۆ ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بە ڕووداوی ڕایگەیاند "لە كۆنگرەی پێنجەمدا كۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆكی دێنین، چونكە شكستی خواردووە. هەروەها ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بۆ نیوە كەم دەكرێنەوە".

سەبارەت بە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیش، ئارێز عەبدوڵڵا ڕایگەیاند "ئەو ئەنجوومەنە دەمێنێت و چالاك و بەهێز دەكرێت، دەسەڵاتی زیاتری پێ دەدرێت". هەریەك لە "بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیاریش بەشداریی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی دەكەن".