پەرەگراف
ئیسلام كەشانی، بەرپرسی نووسینگەی كەناڵی سپێدە لە زاخۆ، پاش دوو ڕۆژ لە دەستگیركردنی لەلایەن ئاسایشەوە، شەوی ڕابردوو بە كەفالەت ئازاد كرا و دەڵێت "تۆمەتباركردنم بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە بێ بنەمایە و ئەو ماددە یەساییەش كە منی پێ دەستگیر كراوم، باسی ئافرەتی دووگیان دەكات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خۆیشیان باوەڕیان بەو تۆمەتە نییە كە داویانەتە پاڵم".
ئیسلام كەشانی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ساتی دەستگیركردنی وتی "نزیكی كاتژمێر 10ی بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 24-8-2023، لە كاتێكدا دەمویست بچم بۆ ڕادیۆ و بەرنامەم هەبوو، چەند كەسێك لە دووریی 500 مەتر لە ماڵەكەم چاودێرییان دەكردم و سوار ئۆتۆمبێلەكەم بوون، وتیان ئێمە كارمەندی ئاسایشین و لەگەڵمان وەرە".
بەرپرسی كەناڵی سپێدە لە زاخۆ ئاماژەی بەوەش كرد كە لە كاتی لێكۆڵینەوە بابەتی ڕەخنەكانی لە ڕاگەیاندندا لەگەڵ باس كراوە، هەروەها پرسی پەیوەندیی لەگەڵ پەكەكەی ڕووبەڕوو كراوەتەوە و ئەویش ڕەتی كردووەتەوە.
پاش زیاتر لە ٢٤ كاتژمێر لە دەستگیركردنی، ئێوارەی هەینی سایشی زاخۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "زانیاریی پشتڕاستكراوەمان هەیە كە ئیسلام كەشانی، كارگێڕی مەڵبەندی ١٣ی یەكگرتوو (بەرپرسی نووسینگەی كەناڵی سپێدە لە زاخۆ)، پەیوەندیی لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە هەبووە. بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی زاخۆ و بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣ دەستگیر كراوە".
ئاسایشی زاخۆ دەشڵێت "ئێمە هیچ كاتێك لەسەر جیاوازیی بیروڕای سیاسی هیچ كەسێك دەستگیر ناكەین، ڕێگە بە هیچ هێز و گرووپ و لایەنێكیش نادەین ببێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان".
پێدەچێت ئەو یاسایەی كە ئیسلام كەشانیی پێ دەستگیر و تۆمەتبار كراوە، لە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی زاخۆدا بە هەڵە نووسرابێت، چونكە ئەو یاسایەی كە لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣، (یاسای دەرماڵەی منداڵبوون و دایكایەتییە).
ماددەی یەكی یاساكەش كە ئاسایش، ئیسلام كەشانیی پێ تۆمەتبار كردووە، دەڵێت "ئەو ئافرەتەی لە ئیجازەی منداڵبووندا یان لە ئیجازەی دایكایەتیدا بێت، بە درێژایی ماوەی ئیجازەكەی، مووچە و دەرماڵەی تەواوی پێ دەدرێت".