شاسوار عەبدولواحید: خەڵک بە ڕێژەیەکی باش بەشداربن لە دەنگدان ئەم حوکمڕانییە دەگۆڕین
پەرەگراف
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارە حوکمڕانی هەرێم دەگۆڕێت و خەڵک ڕزگار دەکات لەم ژیانە خراپە کە تێیدایەتی و ئەوەی باسی بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات دەسەڵاتە، "هەموو بایکۆتێک لە خزمەتی دەسەڵاتە".
شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کرد، "نەوەی نوێ دەسەڵات دەگرێتە دەست" و وتی "تەنها خەممان ئەوەیە خەڵک کەم بچن بۆ دەنگدان" ئەوەشی خستەڕوو، دەنگدەرانی نوێ و گەنجان نزیکەی ٨٠٠ هەزار دەنگن و لەسەدا ٦٠ی کورسییەکانی پەرلەمان لە دەست ئەواندایەو یەکلای دەکەنەوە.
"دەنگدەری نوێ بەدەمەوەچوونی باشی هەیە بۆ تۆماری دەنگدەران و گەرموگوڕییەکی باش هەیە.. خەڵک گەیشتووەتە باوەڕێک کە پارتی و یەکێتی تەواو بوون.. ئەم هەڵبژاردنە خەڵک دەتوانێت ئەم حکومڕانییەی پارتی و یەکێتی بگۆڕێت و نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت" سەرۆکی نەوەی نوێ وای وت.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەو هەڵبژاردنە دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ ئەنجامبدرایە، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.