ئیسلام کەشانی، بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی سپێدە لە زاخۆ ئازاد کرا

26-08-2023 09:21

پەرەگراف

ئیسلام کەشانی، بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی سپێدەی یەکگرتووی ئیسلامی لە زاخۆ، پاشا دوو ڕۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئازاد کرا کە بەتۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە" دەستگیر کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤-٨-٢٠٢٣، کەناڵی سپێدە ڕایگەیاند "ئیسلام کەشانی، بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی سپێدە لە زاخۆ، نزیکی کاتژمێر١٠ی بەیانی لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ سەر کارەکەی، لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە ڕفێندراوە".

پاش زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە دەستگیرکردنی، ئێوارەی هەینی سایشی زاخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی "زانیاریی پشتڕاستکراوەمان هەیە کەئیسلام کەشانی، کارگێڕی مەڵبەندی ١٣ی یەکگرتوو (بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی سپێدە لە زاخۆ)، پەیوەندیی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکەهەبووە. بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی زاخۆ و بەپێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣ دەستگیر کراوە".

ناوەرۆکی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی زاخۆ هەر زوو لەلایەن کەناڵی سپێدە و بەرپرسانی یەکگرتوو ڕەت کرایەوە و بە "سیناریۆی کۆمیدی" ناو برا.

ئاسایشی زاخۆ دەشڵێت "ئێمە هیچ کاتێک لەسەر جیاوازیی بیروڕای سیاسی هیچ کەسێک دەستگیر ناکەین، ڕێگە بە هیچ هێز و گرووپ ولایەنێکیش نادەین ببێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان".

پێدەچێت ئەو یاسایەی کە ئیسلام کەشانیی پێ دەستگیر و تۆمەتبار کراوە، لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی زاخۆدا بە هەڵە نووسرابێت، چونکە ئەو یاسایەی کە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، یاسای ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٣، (یاسای دەرماڵەی منداڵبوون و دایکایەتییە).

ماددەی یەکی یاساکەش کە ئاسایش، ئیسلام کەشانیی پێ تۆمەتبار کردووە، دەڵێت "ئەو ئافرەتەی لە ئیجازەی منداڵبووندا یان لە ئیجازەیڤدایکایەتیدا بێت، بە درێژایی ماوەی ئیجازەکەی، مووچە و دەرماڵەی تەواوی پێ دەدرێت".

بەپێی ناوەرۆکی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی زاخۆ، ڕەنگە ئەوەی ڕۆژنامەنووسەکەی یەکگرتووی پێ تۆمەتبار کراوە، یاسای ژمارە ٢١یساڵی ٢٠٠٣ بێت، ئەو یاسای کە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینانی پێ دەستگیر و تۆمەتبار و سزا درا.