تورکیا داوا دەکات ھەرێمی کوردستان یەک ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووەکە بدات بە بەغداد

25-08-2023 09:41

پەرەگراف

توركیا داوایكردووە حكومەتی هەرێم ئەو قەرەبووە بە عێراق بدات كە دادگای ناوبژیوانی پاریس بەسەریدا سەپاندی و بڕەکەی ملیارێك‌و 500 ملیۆن دۆلارە، بەپێی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریکی.

ئاژانسەکە دەڵێت، تورکیا ئامادەنییە قەرەبووەکە بدات و پاساوەکەی ئەوەیە کە لە پڕۆسەی هەناردەی نەوتدا لەرێگەی توركیاوە بەبێرەزامەندی عێراق، حكومەتی هەرێم سودمەند بووە.

بەپێی بلومبێرگ ئێستا تورکیا "وەك ناوبژیوان هەنگاو دەنێت" بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەکانی نێوان بەغداو ھەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت.

پاساوی ئاشکرای تورکیا بۆ بەردەوامیی راگرتنی نەوت ئەوەیە هێڵی بۆرییەكان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە بەهۆی بومەلەزرەکەی ئەو وڵاتەوە، بەڵام هۆكاری راستەقینەی رێگەنەدانی توركیا رەتكردنەوەی بەغدادە بە سازشكردن لەو قەرەبووەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەپاندویەتی بەسەر ئەنقەرەدا.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوەڕاگیرا دوای ئەوەی تورکیا سکاڵاکەی بە عێراق دۆڕاند لە دادگای پاریس، بەوەش دەوروبەری پێنج ملیار دۆلار زیانی بە ئابوریی هەرێم و عێراق گەیاندووە.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوت حکومەتی هەرێمی ڕوبەڕوی قەیرانێکی سەختی دارایی کردەوە کە مانگانە توانای پێدانی مووچەی نییەو چاوی لەدەستی بەغدایە بەشە بودجەی بۆ ڕەوانە بکات، بەڵام بەپێی یاسای بوودجەی عێراق، هەرێم پابەند کراوە بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو، عێراق دەیەوێت ئەو نەوتە هەناردە بکرێت و لە ناوخۆدا پێویستی بەو بڕەنییە، بەڵام تورکیا بەربەستی سەرەکییەو بۆهەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم گرنگە ئەو گرێیە بکەنەوە.