ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دەستبەجێ‌ ئازادكردنی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری دەكات

24-08-2023 09:29

پەرەگراف

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە نامەیەكدا بۆ ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم، داوا دەكات "دەستبەجێ‌" هەردوو ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری ئازاد بکرێن.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە بەشی كەمپەیندا، دەقی نامەكەی بڵاو كردووەتەوە كە ئاراستەی دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە.

لە نامەكەدا هاتووە "داواتان لێ‌ دەكەین دەستبەجێ‌ شێروان شێروانی و گوهدار زێباری ئازاد بكەن. ڕێز لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین بگرن". هەروەها داواش دەكات كە "دڵنیایی بدرێت كە ڕۆژنامەنووسان بەبێ‌ ترس لە دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دادگاییكردن و زیندانیكردن دەتوانن كاری خۆیان بكەن".

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پرۆسەی دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی بادینان بە "دادگایی و سزای نادادپەروەرانە" ناو دەبات و جەخت دەكاتەوە كە پاش ئەوەی سێ‌ لەو چالاكانە ئازاد كراون، پێویستە ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی دیكەش كە دوای تەواوكردنی ماوەی زیندانیكردنیان تۆمەتی نوێیان دراوەتە پاڵ، دەستبەجێ‌ ئازاد بكرێن.

لە ناوەرۆكی نامەكەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا، وردەكاریی دۆسیەی هەردوو ڕۆژنامەنووسەكە باس كراوە كە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2020ـەوە دەستگیر كروان و تا ئێستا ئازاد نەكراون و دەڵێت "لە كاتی نزیكبوونەوەی ڕۆژی ئازادكردنیان، لەلایەن داواكاری گشتییەوە تۆمەتی تریان دراوەتە پاڵ بۆ ئەوەی لە زینداندا بیانهێڵنەوە".

ڕێكخراوەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لە كارە ڕۆژنامەوانییەكانیان كاریان لەسەر "مافی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین و گەندەڵی" كردووە.

سەبارەت بە گوهدار زێباری، لە نامەكەدا هاتووە كە "لە هەمان ڕۆژ كە دەبوو ئازاد بكرێت 16-8-2023، لەلایەن ئاسایشەوە ئاگادار كراوەتەوە كە دەستگیر دەكرێت لەسەر تۆمەتی نوێ‌، ئەویش هەر هەمان ڕۆژ دەستی بە مانگرتن لە خواردن كردووە و تا ئێستا بەردەوامە".

سەبارەت بە تۆمەتەكە، ئاماژە بەوە كراوە كە "ئاسایش پێی ڕاگەیاندووە كە تۆمەتبارە بە هەبوونی چەكی بێ‌ مۆڵەت و ئەمەش پێشێلكاریی ماددەی 15ی یاسای چەكە".

خاڵی یەكەم لە ماددەی ١٥ی یاسای چەك، باس لە هەڵگرتن و مامەڵەكردن بە چەكی بێ مۆڵەتەوە دەكات، سزای یەك تا سێ ساڵ زیندانی و دوو تا پێنج ملیۆن دینار غەرامەی تێدایە. بۆیە مەترسی هەیە جارێكی دیكە ئەو ڕۆژنامەنووسە سزای زیندانیكردنی بەسەردا بسەپێندرێت.

پێشتر زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند كە "ئەو ڕۆژەی گوهدار دەستگیر كراوە، لە ماڵی خوشكێكم بووە لە ئاكرێ، تاپڕێكی كۆنی ساڵی شەستەكان كە هی باوكی دایكمە، لە ماڵەكەدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە. 20 شاهێد دەهێنم كە ئەو تاپڕە هی گوهدار نییە".

پارێزەرانی گوهدار بە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییان وتووە كە "لەو كاتەدا هەبوونی چەكی بێ مۆڵەت نایاسایی نەبووە".

لە نامەكەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا سەبارەت بە شێروان شێروانی باس لەوە كراوە كە بڕیار بووە لە 9ی ئەیلوولی 2023 ئازاد بكرێت، بەڵام لە 20ی تەمووزدا دادگای تاوانی هەولێر چوار ساڵ زیندانیكردنی دیكەی بەسەردا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی واژووی گوهدار زێباریی لەسەر عەریزەیەك ساختە كردووە، كە لەو كاتەدا گوهدار زێباری لە زیندانی تاكەكەسیدا بوو، بەڵام گوهدار لە كاتی دادگاییەكەدا وتوویەتی: خۆم ئەو مافەم بە شیروان داوە واژووم بۆ بكات.