بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت هەڵبژاردنێكی بێگەرد و راستەقینە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت‏‎

24-08-2023 08:53
کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی جارێکی دیکە جەخت لە ھەڵوێستی حیزبەکەی دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراو کە ٢٥ی شوباتی داھاتووە.

"دەمانەوێت هەڵبژاردنێكی بێگەرد و راستەقینە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت، بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەیە و ئامانجمان بەهێزكردنی پایەكانی دیموكراسییە لە هەرێمەكەمان" سەرۆکی یەکێتی وا دەڵێت.

ئەو وتانەی تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کە ئەمڕۆ لە دەباشان پێشوازیی لێکردووە.

‏‎سەرۆکی یەکێتی لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغداد دەڵێت "فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لەگەڵ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان لەسەربنەمای دەستوور، فاكتەری چارەسەركردنی كێشەكانە و دەبێت هەموومان بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانە مامەڵە بكەین وهەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.