حكومەتی هەرێم بەڵێن بە كۆمپانیاكانی نەوت دەدات لە بەغداد شەڕ بۆ مافەكانیان بكات

23-08-2023 09:09

پەرەگراف

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری سەرجەم ئەو كۆمپانیا نەوتییانە كۆبووەوە كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و بەڵێنی پێ داون كە لە بەغداد بەرگری لەو گرێبەستانە دەكات لەگەڵیان هەیەتی.

كێشەی گرێبەستە نەوتییەكان یەكێك لە كێشە دیارەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە. 10 ڕۆژ لەمەوبەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت كە لە كێڵگەكانی كوردستان كار دەكەن، داوایان لە هەولێر و بەغداد كرد كە لە گفتوگۆكانیان بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز، ڕێز لەو مافانەیان بگرن كە لە گرێبەستە نەوتییەكانیاندا هاتووە و بەپێی مۆدێلی هاوبەشیكردنە لە بەرهەمهێنان، حكومەتی عێراقیش كار بەو جۆرە لە گرێبەست ناكات و ڕەخنەی زۆری لەسەری هەیە.

ئومێد سەباح، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە چوو، "پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكانی بواری نەوت دووپات كرایەوە".

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت "كار و چالاكیی كۆمپانیاكانی بواری نەوت بەرز نرخێنران و كۆمپانیاكانی بواری نەوت بە هاوبەشێكی ڕاستەقینەی حكومەتی هەرێم باسیان لێوە كرا، ئەوەش خرایەڕوو كە بەرگری لە ماف و گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن".

حكومەتی هەرێم بە مۆدێلی هاوبەشیكردن لە بەرهەمهێنان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجام داوە، ئەو جۆرەش لە گرێبەست لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەت دەكرێتەوە و پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: حكومەتی هەرێم دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر و كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی خزمەتگوزاری كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە ئامادەیی سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، وەزیری داد و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێم بەڕێوە چووە.

لە كۆبوونەوەكەدا "دوایین سەردان و گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجە، تێچووی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكانی نەوت و بۆچوونی حكومەتی هەرێم لەو ڕووەوە، ناردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم و بۆچوونی بەغدا لەو ڕووەوە" گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، باسكردن بووە لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بۆچوونی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاساكە خراوەتە ڕوو. كۆمپانیاكانی بواری نەوتیش بۆچوون و سەرنجەكانی خۆیان خستووەتە ڕوو.

پێشتر كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان كە نوێنەرایەتیی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بوار نەوت دەكات، پەیامی بۆ هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق نارد كە مافەكانیان بخرێنە ناو بودجەی عێراق و هەر یاسایەكی تایبەت بە نەوت و گاز لە عێراق و كوردستان. هاوكات بە گرنگی دەزانێت بۆ داهاتووی پیشەسازیی نەوت، پێدانەوەی مافەكانیان مسۆگەر بكرێت كە بریتییە لە وەرگرتنەوەی خەرجییەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و ئەو قازانجانەی كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەیانكەوێت بەپێی گرێبەستی هاوبەشیكردن لە بەرهەمهێنان.

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، بە مەبەستی چارەسەر لە چوارچێوەی دەستوور و پڕۆژەیاسای بودجە دا".