هێزێكی ئەمنی لە هەولێر دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەكات؛ میترۆ داوای لێكۆڵینەوە دەكات

23-08-2023 05:41

پەرەگراف

هێزێكی ئەمنی لە هەولێر، دوو پەیامنێر لە كاتی ڕووماڵی گردبوونەوەیەك بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەر دەكات و جگە لە دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەكانیان، سەیری نامەی ناو مۆبایلە شەخسییەكانیان دەكەن. سەنتەری میترۆ "ئیدانە"ی ئەو هەڵسوكەوتەی هێزە ئەمنییەكە دەكات و داوا لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لێكۆڵینەوە بكات.

هەریەك لە دیار حسێن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی (ئێستا) و یاسر محەمەد، پەیامنێری (وڵات میدیا)، ئەمڕۆ لە كاتی ڕووماڵكردنی گردبوونەوەی هاووڵاتییانی گەڕەكی بەهاری نوێی شاری هەولێر لەسەر كێشەی ئاو، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كراون و دەستیشیان بەسەر كەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەكانیاندا گرتووە.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا كە یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان بووە، بە سەنتەری میترۆی وتووە "پاش دوو كاتژمێر لێكۆڵینەوە، ئینجا كەرەستە ڕۆژنامەنووسییوكانیان بۆمان گەڕاندەوە، بەڵام میمۆریی كامێراكەی ئێمەیان برد و ڤیدۆی ناو مۆبایلەكەی وڵات میدیاشیان سڕییەوە".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "هێزەكە تەنها بەم ڕەفتارەوە نەوەستاون، داوای پاسۆردی هەردوو مۆبایلی ڕۆژنامەنووسەكەیان كردووە و چوونەتە ناو نامە گۆڕینەوەی تایبەت و گرووپی ڕۆژنامەنووسانی هەولێر".

یاسر محەمەد، پەیامنێری وڵات میدیا، بۆ میترۆ وتوویەتی "ئەفسەرێك نامەی گرووپی ڕۆژنامەنووسانی هەولێری بینیبوو كە دەستگیركراوین، داوای لێ كردم نامەیەكی دەنگی بۆ هەمان گرووپ بنێرم بڵێم كە دەستگیر نەكراوین".

"هەڕەشەی شكاندنی مۆبایلەكانیان دەكرد و دەیانوت نامە نەنێرن دەتانبەین. لەژێر هەڕەشەدا نامەكەم نارد كە ئازادین و دەستگیر نەكراوین، لەكاتێكدا ئێمە هەر لێكۆڵینەوەمان لێ دەكرا"، یاسر محەمەد وای وتووە.

پەیامنێرەكەی وڵات میدیا ئاماژەی بەوە كردووە كە "ئەفسەرەكە چەند جارێك پێی وتین: ناڕەزایەتی نایاساییە و هاتنی ئێوەش بۆ ئێرە نایاساییە".

دیار حسێن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی (ئێستا)، بە میترۆی وتووە "هێزێكی 20 كەسی هاتن، یەكسەر كەرەستەی ڕۆژنامەنووسی و مۆبایلەكانیان لێ سەندین و لە سوچێكی گەڕەكەكەدا دەستبەسەر كراین". دەشڵێت "پاش وەرگرتنی پاسۆردی مۆبایلەكان، توڕە بوون و وتیان: چۆن بە گرووپی ڕۆژنامەنووسانتان وتووە دەسگیر كراوین، نامەیەكی تر بنێرن كە دەستگیر نەكراون".

سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت "هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی ڕۆژنامەنوسان ناگێڕن و ئاستەنگ بۆ كارەكانیان دروست دەكەن و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن، ڕەفتاری هێزەكەی گەڕەكی بەهار نوێ نزیكترین نموونەیە".

میترۆ ئاماژەی بەوەش كردووە كە ڕەفتاری دژ بە پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ ، وای كردوە كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، ڕەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستان بگرن، پێشێلكارییەكانی لە مەڕ مافی‌ ئازادیی‌ ڕادەربڕین بوەستێنن".

سەنتەری میترۆ داوا لە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لێكۆڵینەوە لە "ڕەفتاری نایاسایی ئەو هێزە بكات كە پرنسیپەكانی مافی مرۆڤیان پێشێل كردووە و ناڕەزایەتیی هاووڵاتیان و ڕووماڵكردنی میدیایی بە نایاسایی دەزانێت، هاوكات ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە سەرپێچیكاران بگرنە بەر".

"بەرپرسانی خاوەن بڕیار درك بەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بكەن كە پێشكەوتن یان پاشەكشەی دیموكراسیەت لە هەرێمی كوردستان، پەیوەستە بە ئاستی پێشكەوتن و پاشەكشەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی گەیشتن بە سەرچاوەكانی هەواڵ و بڵاوكردنەوە و ئازادیی ئەنتەرنێت"، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان وا دەڵێت.