سوودانی: عێراق ڕێگە نادات هیچ لایەن و گرووپێك خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ‌ بەكار بهێنێت

23-08-2023 04:34

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕایگەیاند "عێراق ڕێگە نادات هیچ لایەن و گرووپێك لەژێر هەر ناوێكدا بێت، خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ‌ بەكار بهێنێت".

محەمەد شیاع سوودانی و هاكان فیدان ئەمڕۆ لە بەغداد كۆبوونەوە. یەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ژمارەیەك مەلەف پەوەست بە "ئابووری و تیرۆر" تاوتوێ‌ كراون.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو وڵات و ڕێگاكانی بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەش، هەروەها بەهێزكردنی هاوبەشیی ئابووری و هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر گفتوگۆیان لەبارەوە كرا".

سوودانی جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان لە نێوان هەردوو وڵات، هەروەها پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان كردووەتەوە و بە "باشترین نموونە بۆ هاوكاریی ئابووری‌ و بازرگانیی نێوان عێراق‌ و توركیا‌ و یەكێك لە گرنگترین ڕێڕەوە ئابوورییەكانە لە ناوچەكە‌ و جیهاندا" ناوی بردووە.

دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی كردووەتەوە كە "ئاسایش و سەقامگیری ئامانجی لەپێشینەی حكومەتی عێراقە و ڕێگە نادات هیچ لایەن و ڕێكخراوێك لەژێر هەر ناوێكدا، دەست لە ئاسایشی وەربدات و خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكار بهێنێت".

سوودانی ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان عێراق‌ و توركیا لە هەموو پرسە ناوچەییەكاندا كردووە، بۆ ئەوەی هەڵوێستی هاوبەش هەبێت. هەروەها "دەستپێشخەریی ئەمدواییەی توركیای لە زیادكردنی بەردانەوەی ئاو بۆ ڕووباری دیجلە بەرز نرخاند، داوای لە توركیا كرد ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ ڕووباری فوراتیش زیاد بكات، بە تایبەت كە عێراق لەبەردەم زیارەتی ئایینی‌ و كۆبوونەوەی ملیۆنیدایە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە "هەردوو وڵات ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هەمیشەیی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو".

هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، كە شەوی ڕابردوو بە سەردانێكی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغداد، بڕیارە پاش كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات.

وەزیری دەرەوەی توركیا شەوی ڕابردوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، باسی لە ئامانجەكانی لە سەردانەكەی بۆ عێراق كرد.

پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان كە پێشبینیی دەكرا دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك سەرەكیترین ئامانجی سەردانەكە بێت، فیدان هیچ باسی ئەو دۆسیەی نەكرد و ڕایگەیاند " گفتوگۆمان دەربارەی ژمارەیەك دۆسیە كرد، لە سەروو هەموویانەوە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

وەزیری دەرەوەی توركیا زۆرترین قسەی لەسەر پەكەكە كرد و وتی "پەكەكە ناوچەكانی شنگال و مەخموور و سلێمانیی داگیر كردووە و دەیەوێت بە سووریاوە بیان بەستێتەوە".

هاكان فیدان داوایشی لە عێراق كرد پەكەكە وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" بیناسێنێت.