ھاکان فیدان لە بەغدایەو چەند داوایەک دەخاتەسەرمێز لە بەرامبەر ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم

22-08-2023 07:21

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدایەو سەردانی هەولێریش دەکات، دوو لە سەرەکیترین تەوەری کۆبوونەوەکانی پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە، یەکەمیان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە بۆ بازاڕەکانی جیهان کە تورکیا چەند داواکارییەکی لەوبارەیەوە هەیەو، دۆسیەی دووەمیش پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەیە.

سەرچاوەیەکی باڵای کورد لە بەغداد بە پەرەگرافی وت "هاکان فیدان لە سەردانەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێم تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کەرکوک دەکات بۆ بەندەری جەیهانی تورکیاو داواکارییەکانی وڵاتەکەی دەخاتە بەردەم عێراق لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت".

بەوتەی سەرچاوەکە، "تورکیا داوا دەکات عێراق لەو قەرەبووە خۆشببێت کە بڕەکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەو دادگای پاریس بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندوویەتی بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە بۆرییەکانی تورکیادا بۆ بازاڕی جیهانیی بەبێ ڕەزامەندیی عێراق".

داوایەکی دیکەی هاکان فیدان "کشانەوەی سکاڵای دووەمی عێراقە لە دادگای پاریس کە هەر پەیوەستە بە هەناردەی نەوتی هەرێم هاوشێوەی سکاڵای یەکەم".

هاوکات مانەوەی کرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت "وەک پێشتر" کە بە بۆرییەکانی تورکیادا دەڕوات داوایەکی دیکەی ئەو وڵاتەیە، هەرچەندە بەغداد پێشتر ڕەخنەی لەو کرێیە گرتووە کە حکومەتی هەرێم داویەتی بە تورکیاو بە زۆر لە قەڵەمیداوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی فیدانەوە دەڵێت، دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەهەموو بوارەکاندا و تاوتوێکردنی بۆچوونەکان سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوەڕاگیرا، پاش ئەوەی كە ئەنقەرە سكاڵایەكی لەوبارەیەوە لە دادگای نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس بە بەغداد دۆڕاند.‏

بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد بەڕادەستكردنی نەوت بە بەغداد و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیایسۆمۆی عێراق، هەرچەندە هەولێرو بەغداد لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، بەڵام تورکیا پێنج مانگە بۆرییەکانی داخستووەو بەوەش دەوروبەری پێنج ملیاردۆلار زیانی بە ئابوریی هەرێم و عێراق گەیاندووە، ھەرچەندە ئەنقەرە ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکەی دەگەڕێنێتەوە بەھۆی زەمینلەرزەکەی ئەو وڵاتەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان ئەوە تەنھا پاساوێکەو ھۆکارەکە نییە.

هەر بۆ مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم وكەركووك، بەرلە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغداد، حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێك گەیشتە ئەنقەرەو ئەو پرسەی لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا تاوتوێ کرد.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوت حکومەتی هەرێمی ڕوبەڕوی قەیرانێکی سەختی دارایی کردەوە کە مانگانە توانای پێدانی مووچەی نییەو چاوی لەدەستی بەغدایە بەشە بودجەی بۆ ڕەوانە بکات، بەڵام عێراق هێشتا یاسای بودجەی وەکخۆی جێبەجێ نەکردووە لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێم پابەند کراوە بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو، عێراق دەیەوێت ئەو نەوتە هەناردە بکرێت و لە ناوخۆدا پێویستی بەو بڕەنییە، بەڵام تورکیا بەربەستی سەرەکییەو بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم گرنگە ئەو گرێیە بکەنەوە.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەکارییشە بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی ئەردۆغان بۆ بەغداد کە پێشبینی دەکرێت تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ و ڕێککەوتنی نوێی نێوان هەردوو وڵاتی لێبکەوێتەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانەش جگە لە وزە، دۆسیەکانی ئاو وئاڵوگۆڕی بازرگانیی و هەماهەنگیی ئەمنیی و هەواڵگرییە کە ئەمەیان پەیوەندیی بە ڕوبەڕوبوونەوەی پەکەکەو گروپەکانی سەر بەو پارتەوە هەیە لە خاکی عێراقدا.