بانگەشەی پێشوەختە؛ بارزانی لەگەڵ ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان باسی ھەڵبژاردن دەکات
پەرەگراف
مەسعود بارزانی کە چەند ڕۆژێکە لە دھۆکەو لەگەڵ چین و توێژەکان کۆدەبێتەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان کۆبووەوەو باسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ کردن.
ئەوە لەکاتێکدایە بارزانی پێگەی فەرمیی نییەو تەنھا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو كە "پێویستە گەلی كوردستان پشت بە توانا وئیرادەی خۆی ببەستێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان لەسەرووی بەرژەوەندیی هەموو لایەكە و دەبێ بەهۆی هەڵبژاردنەوە متمانەیگەلی كوردستان بە لایەنەكان نوێ بكرێتەوە".
ھاوکات سەرۆکی پارتی باسی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها دۆزی گەلی كوردستان و ئەو هەڕەشە و تەحەددیاتانەی کردووە کە لە بەردەم گەلی كوردستاندان، "ئەوەی دووپات كردەوە كە لە ئەنجامدا ئیرادەی گەلی كوردستان بەسەر كۆسپ و پیلانەكاندا سەردەكەوێت".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کە بڕیارە ٢٥ی شوباتی داھاتوو بەڕێوەبچێت، دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ ئەنجام بدرایە، سەرەڕای دووجار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.