عێراق و توركیا جەخت لە گرنگیی دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەی نەوتی هەرێم دەكەنەوە

22-08-2023 04:43
كۆبوونەوەی وەزیرانی نەوتی عێراق و وزەی توركیا

پەرەگراف

هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و وزەی توركیا لە ئەنقەرە ‏كۆبوونەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەكە، ‏هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە ڕێی ‏بەندەری جەیهانی توركی كردووەتەوە.‏

پاش ئەوەی دوێنێ‌ گەیشتە توركیا، ئەمڕۆ حەیان ‏عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق ‏بۆ كاروباری وزە، لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەلەب ئەرسەلان ‏بەیرەقدار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا ‏كۆبوونەوە.‏

بە پێی ڕاگەیەندراوێكی هاوبەش كە وەزارەتی نەوتی عێراق ‏بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو وەزیر ‏‏"گفتوگۆیان دەربارەی كۆمەڵێك بابەتی دووقۆڵی و ناوچەیی ‏گرنگ بۆ هەردوولا"یان كردووە.‏

هەروەها هەردوو وەزیر "جەختیان لە گرنگیی هێڵی بۆریی ‏نەوتی خاو لە نێوان عێراق و توركیا و پێویستیی ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو" كردووەتەوە.‏

ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەی نەوت دەكەوێتە دوای دوای "تەواوبوونی پرۆسەی ‏نۆژەنكردنەوە و پشكنینی پێویست" بۆ بۆریی نەوتی نێوان ‏هەردوو وڵات كە بەهۆی بوومەلەرزەكەی مانگی شوباتی ساڵی ‏ڕابردووی توركیا زیانی بەركەوتووە.‏

هاوكات هەردوو وەزیر باسیان لە هەوڵەكان بۆ بەرزكردنەوەی ‏ئاستی هاوكاریی هاوبەش لە بوارەكانی وزە، نەوت و گاز و ‏بەستنەوەی كارەبا و وزەی نوێ كردووەتەوە.‏

بڕیارە لیژنەی ئابووریی هاوبەشی عێراق - توركیا كە هەردوو ‏وەزیرەكە سەرپەرشتی دەكەن، نۆزدەیەمین كۆبوونەوەی لە ‏بەغداد ئەنجام دەدات.‏

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوتی هەرێم و كەركووك كە پێنج مانگە ڕاگیراوە، بڕیارە ‏ئەمڕۆ یان سبەی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، بە ‏سەردانێكی دوو ڕۆژی بگاتە بەغداد و دواتر سەردانی ‏هەولێرش دەكات.‏

كۆبوونەوەكان لە كاتێكدان كە پێشتر باس لە سەردانی ڕەجەب تەیب ‏ئەردۆغان، ‏سەرۆككۆماری توركیا بۆ عێراق دەكرا، هەروەها وەزیری ‏سامانە سروشتییەكانی هەرێم ‏پێشتر ڕایگەیاند، ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ ‏لەسەر كێشەی نەوت، دێتە عێراق.‏

پێدەچێت سەردانی ئەردۆغان بكەوێتە دوای كۆبوونەوەی بەرپرسانی ‏باڵای توركیا لەسەر ‏ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و سەرۆككۆماری ‏توركیا بۆ واژووكردنی ڕێككەوتنی ‏كۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوتەوە ‏سەردانی بەغداد بكات.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوە ‏ڕاگیرا، پاش ‏ئەوەی كە ئەنقەرە سكاڵایەكی لەوبارەیەوە لە دادگای ‏نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس بە ‏بەغداد دۆڕاند.‏

بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد بە ‏ڕادەستكردنی نەوت بە ‏بەغداد و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕازی ‏ببێت. لە ماوەی نزیكەی پێنج ‏مانگی ڕابردوویشدا، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، ‏ملیاران دۆلار ‏زیان بە هەرێمی كوردستان گەیشتووە.‏