وەزیری نەوتی عێراق بۆ دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەیشتە ئەنقەرە

21-08-2023 10:40

پەرەگراف

بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و ‏كەركووك، وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێك گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا.‏

وەزارەتی نەوتی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "وەزیری نەوت گەیشتووەتە توركیا بۆ ‏گفتوگۆ سەبارەت بە ژمارەیەك دۆسیە، لە سەروو هەموویانەوە دەسپێكردنەوەی هەناردەی ‏نەوت لە ڕێگەی بەندەی جەیهانی توركییەوە".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، سەردانەكەی حەییان ‏عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لەگەڵ ‏وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەكانی توركیا و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی توركیا ‏كۆدەبێتەوە‎.‎

ڕاستەوخۆ دوای سەردانەكەی حەییان عەبدولغەنی، وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەمان ‏مەبەست سەردانی عێراق دەكاتەوە. بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 23-8-2023، هاكان ‏فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، بە سەردانێكی دوو ڕۆژە بگاتە بەغداد و سەردانی ‏هەولێریش بكات.‏

ئەوەی كە ئاشكرایە، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، تەوەرێكی سەرەكیی گفتوگۆكانی ‏سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا دەبێت، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت پەیوەندییە ‏دووقۆڵییەكان و ژمارەیەك پرسی دیكەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق تاوتوێ‌ بكات.‏

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، وەزیری نەوتی عێراق ‏‏"ژمارەیەك پرسی گرنگ تایبەت بە پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ‏فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییەكان لە بواری نەوت و غاز و وزە، دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەكردنی نەوت لە بەندەری جەیهانی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا تاوتوێ ‏دەكات".‏

كۆبوونەوەكان لە كاتێكدان كە پێشتر باس لە سەردانی ڕەجەب تەیب ‏ئەردۆغان، ‏سەرۆككۆماری توركیا بۆ عێراق دەكرا، هەروەها وەزیری ‏سامانە سروشتییەكانی هەرێم ‏پێشتر ڕایگەیاند، ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ ‏لەسەر كێشەی نەوت، دێتە عێراق.‏

پێدەچێت سەردانی ئەردۆغان بكەوێتە دوای كۆبوونەوەی بەرپرسانی ‏باڵای توركیا لەسەر ‏ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و سەرۆككۆماری ‏توركیا بۆ واژووكردنی ڕێككەوتنی ‏كۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوتەوە ‏سەردانی بەغداد بكات.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوە ‏ڕاگیرا، پاش ‏ئەوەی كە ئەنقەرە سكاڵایەكی لەوبارەیەوە لە دادگای ‏نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس بە ‏بەغداد دۆڕاند.‏

بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد بە ‏ڕادەستكردنی نەوت بە ‏بەغداد و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕازی ‏ببێت. لە ماوەی نزیكەی پێنج ‏مانگی ڕابردوویشدا، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، ‏ملیاران دۆلار ‏زیان بە هەرێمی كوردستان گەیشتووە.‏