ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە هەرێم بۆ ئازادكردنی ڕۆژنامەنووس و ‏چالاكانی بادینان

21-08-2023 03:05

پەرەگراف

ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی مەدەنی دەڵێن "هەرێمی كوردستان پێی ‏ناوەتە قۆناغێكی مەترسدار لە زەوتكردنی ئازادییەكان و دۆخەكە بەرەو ‏سیستەمێكی ئەمنیی تەواو هەنگاو دەنێت. ئەمەش وای كردووە ‏كوردستان وەكوو ناوچەیەكی مەترسدار بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی سەیر ‏بكرێت".‏

ئەمڕۆ لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە گردبوونەوەی هاوكات بۆ ئازادكردنی ‏چالاكان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان بەڕێوە چوو، بەڵام لە دهۆك هێزە ‏ئەمنییەكان ڕێگرییان كرد.‏

بەیاننامەیەكی هاوبەش لەلایەن چالاكان و ڕۆژنامەنووسانەوە ‏خوێندرایەوە كە تێیدا هاتووە "كابینەی نۆیەم لە سەرەتای ‏دەستبەكاربوونی، بەڵێنی چاكسازی و فراوانكردنی پانتاییەكانی ئازادیی ‏ڕادەربڕینی دا، بەڵام بە پێچەوانەوە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا و ‏ڕۆژنامەوانی و كاری ڕێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی ‏بەرچاو ڕووی لە پاشەكشە كردووە و چیتر قبووڵ ناكرێت".‏

ئەوان دەڵێن "سزادانەوەی شێروان شێروانی و ئازادنەكردنی گوهدار ‏زێباری، نوێترین زنجیرەی خراپ بەكارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنووس ‏و چالاكاوانان".‏

هەروەها پەیام ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە و دادگای هەولێر دەكەن ‏كە "ئەم پێشێلكارییە ڕاست بكەنەوە، بۆ ئەوەی بێمتمانەیی خەڵك بە ‏دادگاكان قووڵتر نەبێتەوە ".‏

ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی لە دهۆك دەڵێت "هێزە ئەمنییەكانی ‏دهۆك بەبێ ئەوەی گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام بدەین، ڕێگەیان بە ‏من و هاوڕێكانم نەدا تەنیا بەیاننامەیەك بۆ ئازادكردنی شێروان ‏شێروانی و گۆهدار زێباری بخوێنینەوە، لە كاتێكدا لە هەولێر، سلێمانی و ‏هەڵەبجە بەیاننامەكە خوێندرایەوە".‏

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت "ئەم ڕێگرییانە وای كردووە دهۆك وەكوو ‏مەترسیدارترین ناوچە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین لە هەموو عێراقدا، ‏بناسرێت".‏