هێزە ئەمنییەکان لە هەولێر ‘بە زۆر و لەژێر فشاردا‘ کۆتاییان بە خۆپیشاندانی وانەبێژان هێنا

20-08-2023 01:30
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر.

پەرەگراف

مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ بۆ نزیکەی ٢٠هەمینجار لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕوبەڕویان بوونەوەو دوای دەستگیرکردنی نوێنەری مامۆستایان، بە مەرجی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکە ئازادیان کرد.

عەلی ڕەئوف، دوای ئازادکردنی ڕایگەیاند "پێیان گوتم دۆخی هەولێر باش نییەو نابێت خۆپیشاندان بکەن، پێم گوتن ٣٢ ساڵە دەڵێن دۆخەکە باش نییەو حکومەتی هەرێم هەر ساوایە، منداڵێک بوایە ئێستا ٣٢ ساڵ بوو".

نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ وتیشی "لەسەر مافی خۆمان دەستگیر کراین و نەک ئەم جارە 100 جاری تر دادگایی و زیندانم بکەن چۆک دانادەم، بەردەوام بوون و خۆراگیری مرۆڤی مەرد و ئازای دەوێت، مەردبە تا بژی، کاتێک خودا عیزەتت پێ ببەخشێت، هیچ هێزێک نیە شکۆت بشکێنێت".

پاش فشارەکان مامۆستایانی وانەبێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێناو ڕایانگەیاند، تەنها لەبەر سەلامەتیی گیانی مامۆستا عەلی ئەمڕۆ کۆتایی پێدەهێنن و بەردەوام دەبن لە ناڕەزایی و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی.

تەنها داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژ دامەزراندنیانە بە هەمیشەیی، بەڵام حکومەت داواکەیان جێبەجێ ناکات، هەرچەندە وەزارەتی پەروەردەو دارایی پێشنیاریان کردووە وانەبێژان بکرێن بە گرێبەست، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران هێشتا وەڵامی ئەو پێشنیارەشی نەداوەتەوە.

مامۆستایەکی وانەبێژ لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا وتی "خۆپیشاندانی هێمنانەیەو داوای دامەزراندن دەکەین و هێزێکی ئەمنیی زۆریان بۆ هێناوین، ئایا ئەوەی ڕاپەڕینمان بۆ کرد ئەمە بوو؟".

مامۆستایەکی دیکەش وتی "٨٠ ڕۆژە مووچەمان پێ نەدراوە"، ئەو مامۆستایە پارەی گیرفانی دەرهێنا کە تەنها سێ هەزار دیناربوو و وتی "بەس ئەوەندەم پێیە".

مەترسی لەسەر "بێکاربوونی زیاتر لە ١٠ هەزار وانەبێژ" هەیە

لە کاتێکدا مامۆستایانی وانەبێژ داوای بە هەمیشەییکردنیان دەکەن، مەترسی لەسەر زیاتر لە ١٠ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە بێکار ببن لە کۆی سەرجەم وانەبێژان کە زیاتر لە ٣٥ هەزارن، ئەوەش بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە.

عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، ڕایگەیاند، بەهۆی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کە ڕۆژانی شەممەی کردووە بە پشوو، بەشە وانە کەم دەبێتەوەو دەبێت هەر وانەبێژێک لە ١٢ بەشەوانە کەمتری نەبێت، بەڵام ئێستا ئەوە دەبێت بە نیوە.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان، وتیشی "بەشێکی زۆر لە وانەبێژان لەبری کردنە گرێبەست دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوەو پێشبینی دەکەم زیاتر لە ١٠ هەزار وانەبێژ زیادبن و بنێردرێنەوە ماڵەوە".

هەرچەندە وەزارەتی پەروەردە داوای لە پەروەردەکان کردووە ئەو وانەبێژانەی زیادەن ناوەکانیان بە لیستێک بۆ وەزارەت بنێردرێت تا چارەسەر بکرێن، بەڵام جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت، "بە وتەی وەزارەت ئەوان خەمیان دەخۆن، بەڵام خەمی چی دەخورێت؟ کە زیاد بوویت ئیزن دەدرێیت، ئامانجەکە گێڕانەوەی داهاتە بۆ حکومەت، ئایا حکومەت ئامادەیە پارەیان بۆ خەرج بکات بەبێ ئەوەی وانەیان هەبێت یاخود بەشە وانەیان بۆ کەمدەکرێتەوە؟ ئەمە دەبێت حکومەت وەڵامی بداتەوە".

وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوەو لە ئێستادا بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی ١٤ ملیار دینارە، بە کردنە گرێبەستی وانەبێژان مووچەی مانگانەیان زیاد دەکات، وەزیری دارایی دەڵێت "بڕی چوار ملیارو ٢٥٥ هەزارو ٨٩٦ هەزار دینار زیاد دەبێت بۆ کۆی ئەو مووچەیەی لە ئێستادا وانەبێژان وەری دەگرن".

لە سەرەتای کابینەی ٩ی حکومەت ١٧ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن، مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، بۆ نمونە ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەیان دیپلۆمە بۆ هەر وانەیەک ٣ هەزار دینار وەردەگرن و بەکالۆریۆسیش ٤ هەزار دینار وەردەگرن، بەگشتی کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن.