دژی زیادکردنی باج و پارەی کارەبا لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکرا

20-08-2023 01:02

پەرەگراف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، لە دژی زیادکردنی باج و پارەی کارەبا، لە داداگای فیدڕاڵی سکاڵای لە دژی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم تۆمارکرد.

تۆمارکردنی سکاڵاکە دوای ئەوەدێت حکومەتی هەرێم نرخی یەک کیلۆوات کارەبای لە ١٨ دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار زیاد کرد لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، ئەوەش ناڕەزایی دانیشتوانی ئەو پڕۆژانەی لێکەوتەوەو لە هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

هەفتەی ڕابردووش ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی ‏پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی سەبارەت بە زیادكردنی كرێی كارەبا لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا كۆبوونەوە.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ‏ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پێمان وایە پێوەری زیرەك هێشتا لە ئاست تموحی ‏پارەپەیداكردنی حكومەتی هەرێمدا نەبووە، بۆیە سیستەمێكی تریان داهێناوە كە ‏پریپەیدە و نرخی یەك كیلۆوات كارەبا لە 18 دینارەوە بووە بە 156 دینار".‏

"ئێمە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ گرانبوونی نرخی ‏كارەبادا نیین و پێمان وایە پلانێكی سەركەوتوو نەبووە كە لەگەڵ مووچە و جووڵەی ‏بازاڕ و بازرگانی بگونجێت" ئازاد حەمەئەمین وای وت.‏

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا وتیشی "وەزارەتی كارەبا لە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانیدا نەیتوانیوە ‏كارەبا وەكوو پێویست بۆ هاووڵاتیان دابین بكات. سەردەمێك سیستەمی 16 ئەمپێری و ‏‏20 ئەمپێرییان هێنا، سەركەوتو نەبوو".‏

یەكێك لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە ‏سلێمانی‎ ‎‏ جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی كرێی كارەبا كردەوە و ‏ڕایگەیاند "سكاڵا تۆمار دەكەن".‏

ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی یاداشتێكیشی ‏ئاراستەی سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پارێزگار و ‏ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە و دەڵێن "ئێمە بە نوێنەرایەتیی دانیشتوانی ‏سەرجەم پرۆژەكانی نیشتەجێبونی شاری سلێمانی كە بە (های كۆست) پۆلێن كراوین، ‏ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لە بەرامبەر گرانبوونی نرخی كارەبای نیشتمانی لە ( ١٨ ‏دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار)".‏

ئەوان دەڵێن "لەم بڕیارەدا بە هیچ جۆرێك ڕەچاوی ئاست و توانای داراییمان نەكراوە كە ‏بەبێ بوونی هیچ فلتەرێك و هیچ پێوەرێك ئەو بڕیارە لە لایەن حكومەتەوە دراوە بێ ‏بوونی هیچ یاسایەك و بێ ئاگا لەوەی دانیشتوانی سیتییەكان زۆرینەیان مووچەخۆرن و ‏بە پێشەكییەكی كەم و قیستی مانگانە بوون بە خاوەنی ئەو یەكانەی كە لە ستیەكاندا ‏هەیە".‏

‏"لە كۆتاییدا ئێمە بە شێوازێكی زۆر شارستانییانە داوای مافی خۆمان دەكەین، بەڵام ‏ئەگەر تا ١ی 9 لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت دۆخی ئێمەی هاووڵاتیانیان بەلاوە ‏گرنگ نەبێت و نەیەن بەدەم داواكەمانەوە، ناچارین تەواوی دانیشتووانی سیتییەكان ‏هەڵوێستی دیكەمان هەبێت"، ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون ‏لە سلێمانی وا دەڵێت.