بافڵ تاڵەبانی: هەوڵەكانمان لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەردە لە وادەی خۆیدا
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، هەوڵەكانی یەكێتی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەردە لە وادەی خۆیدا، دەڵێت "دەشمانەوێت هەڵبژاردن هۆكارێك بێت بۆ نزیكبوونەوە و گەشەپێدانی دیموكراسی نەوەك ترازان".
ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی لە میانی کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت "نابێت خەڵكەكەمان بكرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان و دەبێت دەستوور بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان بێت. هەوڵەكانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبێت تاوەكو چارەسەرێكی یەكجارەكی و ئەرێنی دەدۆزینەوە و چیتر هاوڵاتییان لە دڵەڕاوكێی بەدەستهێنانی موچەكانیان نەبن".
پێشتر ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تویتێکدا پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکی ھەرێم کرد بە دیاریکردنی 25ی شوباتی2024 وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
باڵیۆزی ئەمەریکا وتی "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر و لە کاتی خۆیدا زۆر پێویستە بۆ هەر دیموکراسییەکی تەندروست".
ھاوکات بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپاش لەناویاندا ئەڵمانیا، ھۆڵەندا، فەرەنساو ئیتاڵیا بە ھەمانشێوە پێشوازییان لە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن کرد و داوا دەکەن، لایەنەکان کە بە شێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری بکەن و دڵنیابن لەوەی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە بەڕێوەدەچن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنیوادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.
لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆپەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.