خانەوادەی گۆهدار زێباری: چوار ڕۆژە گۆهدار مانی گرتووە و ڕەوشی تەندروستیی زۆر ناجێگیرە
پەرەگراف
خانەوادەی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری داوای بەهاناوەچوونی كوڕەكەیان لەناو زیندانی ئاسایشی هەولێر دەكەن و دەڵێن "گۆهدار چوار ڕۆژە مانی گرتووە و ڕەوشی تەندروستیی زۆر ناجێگیرە".
خانەوادەی گۆهدار زێباری لە بەیاننامەیەكدا بۆ ڕایگشتی دەڵێن "ڕەوشی تەندروستیی گوهدار زێباری لە ئاسایشی گشتیی هەولێر زۆر ناجێگیرە. ئەمڕۆ چوارەم ڕۆژە لە مانگرتندایە و هیچ چارەسەرێكی پزیشكی و تا ئێستا بەدەنگەوەچوونی لایەنی پەیوەندیدار نەبووە".
بەپێی دوایین زانیارییەكان كە خانەوادەی ئەم ڕۆژنامەنووسە دەڵێن "ئەمڕۆ بە دەستمان گەیشتووە"، گۆهدار زێباری "فشارێكی زۆری لێ كراوە كە مانگرتنەكەی بشكێنێ و دەستهەڵگرێت، بەڵام ئەو بەردەوامە لەمانگرتن تا ئازادبوونی".
"لە ئێستادا گۆهدار زێباری لە قاعەیەكە كە ١٦٠ كەسی تێدایە و بارودۆخی لەناو زینداندا زۆر مەترسیدارە. هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ڕوو بدات، دۆخی تەندروستیی گۆهدار زێباری لە ئەستۆی دەزگای ئاسایشە"، خانەوادەكەی وا دەڵێن.
داوایش لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، كونسوڵخانە و لایەنە نێودەوڵەتییەكان، دەستەی مافی مروڤ و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەن كە "بە زووترین كات بە هانای گۆهدار زێبارییەوە بێن، چونكە دۆخی تەندروستیی بەرەو خراپترین دەچێت".
ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری، كە یەكێكە لە سزادراوانی بادینان، ڕۆژی 16-8-2023، كۆتایی بە هەردوو ماوەی سزادانی هات كە لە دوو دۆسیەدا بە شەش ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن سزا درابوو، بەڵام ئازاد نەكرا و لە چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر كرا. سێیەم دۆسیە لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان، ڕایگەیاند "دوای ئەوەی سزادراو (گۆهدار زێباری) ماوەی زیندانیكردنەكەی تەواو كرد، وا بڕیار بوو ئازاد بكرێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی دۆسیەیەكی تر لەسەری بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای چەك، دووبارە ڕاگیرایەوە. لەگەڵ تیمەكەمان هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئازادكردنی".
خاڵی یەكەم لە ماددەی ١٥ی یاسای چەك، باس لە هەڵگرتن و مامەڵەكردن بە چەكی بێ مۆڵەتەوە دەكات، سزای یەك تا سێ ساڵ زیندانی و دوو تا پێنج ملیۆن دینار غەرامەی تێدایە. بۆیە مەترسی هەیە جارێكی دیكە ئەو ڕۆژنامەنووسە سزای زیندانیكردنی بەسەردا بسەپێندرێت.
زیدان زێباری، برای گۆهدار زێباری، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ڕۆژەی گۆهدار دەستگیر كراوە، لە ماڵی خوشكێكم بووە لە ئاكرێ، تاپڕێكی كۆنی ساڵی شەستەكان كە هی باوكی دایكمە، لە ماڵەكەدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە. 20 شاهێد دەهێنم كە ئەو تاپڕە هی گۆهدار نییە".
گۆهدار زێباری پاش سزادانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن هاوشێوەی هاوڕێكانی و دواتر كەمكردنەوەی سزاكەیان بە ڕێژەی لەسەدا 60 لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەك ڕۆژ بەر لە ئازادبوونی، دۆسیەیەكی دیكە لە دژی كرایەوە و حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە بڕیارەكە تەمیز كرا، بەڵام سزاكە تەنیا بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە.
لە سكاڵای دووەمدا، ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری تۆمەتبار كرا بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".
بەشدار حەسەن، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی كە تانەمان لە بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر دا لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بە حەوت مانگ زیندانی لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی، كە هەق وابوو تەنیا پێبژاردن بوایە، بەڵام دادگا لەبری ئەوەی بیكاتە پێبژاردن یان بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا تەعدیلێكی سزاكەی كرد".
ئەو پارێزەرە دەڵێت "ئەمە زوڵم و ستەمێكی زۆر گەورە بوو لەو ڕۆژنامەنووسە كرا. تەحەدا دەكەم لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەك كەس لەسەر ئەم جۆرە سەرپێچییانە سزای بەوشێوەیە توندی بەسەردا سەپێندرابێت".
یەكێكی دیكە لە پارێزەرانی دەستگیركراونی بادینان دەڵێت "گۆهدار زێباری هەر لەو كاتەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لە ئاكرێ كڕیوە، چەمبەر (عەتەر، ئەو بەشەی پێشوەی ئۆتۆمبێل كە لۆگۆی كۆمپانیاكەی پێوەیە) گۆڕدراوە و گرێبەستی كڕینی ئۆتۆمبێلەكەشی هەیە".
ئەو پارێزەرە وتیشی "پێمان وایە كاریگەریی دەرەكی لەسەر دادگا هەیە و دەبوو سزاكە زۆر لەوە كەمتر بێت و بكرێت بە پێبژاردن".
پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا) لە ڕۆژی 16-2-2021 و پاش ماوەیەكی زۆر لە دەستگیركردنیان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێك كە خۆیان و پارێزەرانیان ڕەتیان كردەوە و "هیچ بەڵگەیەك"یشی لەسەر نەبوو، بە "سزای سیاسی" ناویان برد.
دوای ناڕەزایەتی و كاردانەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سزای هەر پێنجیانی بە ڕێژەی لەسەدا 60 كەم كردەوە، بەڵام دواتر كەمكردنەوەی سزای شێروان شێروانی دەستكاری كرا و بۆ لەسەدا 50 كەم كرایەوە.
ڕۆژی 16-3-2023 هەریەك لە شڤان سەعید، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا ئازاد كران و گۆهدار زێباری دۆسیەی دووەمی لە دژ جوڵێندرا، دواتریش دۆسیەیەكی دیكە لە دژی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی جوڵێندرا و تۆمەتبار كرا بەوەی كە "پەنجەمۆری گۆهدار زێباریی ساختە كردووە". لەسەر ئەو دۆسیەش سزای چوار ساڵی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "گۆهدار زێباری لەبەردەم دادوەردا شاهێدیی لە بەرژەوەندیی شێروان دا و وتی كە من خۆم شێروانم سەرپشك كردووە واژوو بۆ من بكات".