مەسعود بارزانی: پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم کۆک بن

19-08-2023 02:57

پەرەگراف

مەسعود بارزانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پێشهاتەکان لەگەڵ بەغداد، دەڵێت "بوونی بیروڕای جیاواز شتێکی سرووشتییە، بەڵام پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان کۆک بن".

ئەم قسانەی سەرۆکی پارتی لە کاتێکدایە پەیوەندیی نێوان حیزبەکان و بە تایبەت پارتی و یەکێتی باش نییە و نەیانتوانی لە کەرکووکیش بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن، هەروەها لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە فشاری بەردەوام لەسەر هەرێم هەیە بۆ ڕادەستکردنی هەموو نەوت و داهاتەکانی و کێشەی بودجەیش چارەسەر نەبووە.

بارەگای بارزانی دەڵێت، مەسعود بارزانی ئەمڕۆ شەممە 19ی ئابی 2023، لە قەزای ئامێدی لەگەڵ چین و توێژەكان و پێشمەرگەکانی سنووری لقی 18ی ئامێدیی پارتی كۆبووەتەوە و وتوویەتی "بۆ گوێگرتن لە ڕاووبۆچوون و داواكاریی و كێشەكانی خەڵكی ئەو دەڤەرە هاتووە".

بارەگای بارزانی دەڵێت "سەرۆك بارزانی لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمەوە ڕایگەیاند: بوونی بیروڕای جیاواز لەناو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بابەتێكی سرووشتییە، بەڵام پێویستە هەموو لایەنەكان لەسەر پاراستن و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هەرێم كۆك بن".

پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد،  سەرۆکی پارتی ڕایگەیاندووە "هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆكان درێژەیان هەیە".

مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە "پێویستە ڕێز لە ڕێككەوتنەكان و دەستوور بگیرێت و لایەنەكانی عێراق ڕەچاوی بنەماكانی شەراكەت و تەوافق و هاوسەنگی بكەن".