یەکێتی: هیوادارین تیرۆرکردنی نیاز دەرگەڵەیی سیاسیی نەبێت

19-08-2023 12:46

پەرەگراف

تەرمی نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە ناحیەی سەرکەپکان بەخاک سپێردرا، یەکێتی دەڵێت، تیرۆرکراوەو هیوادارین سیاسیی نەبێت.

نیاز دەرگەڵەیی شەوی ڕابردوو لەناو باخەکەی خۆی لە ڕانیە کوژراو سێ فیشەک نراوە بە سەرییەوە، لەو کاتەدا تەنها خۆی لە باخەکەی بووەو ئەنجامدەرانی ئەو کارە هێشتا ئاشکرا نین و لایەنە ئەمنییەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان.

شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی نیاز دەرگەڵەیی، وتی، "دەستێکی ڕەش لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆری کرد".

"شەهیدبوونەکەی زۆر تەمومژاوییەو لێکدانەوە زۆر هەڵدەگرێت و هیوادارم ئەم تیرۆرکردنە سیاسی نەبێت، چونکە لە دۆخێکی ئەوەندە هەستیارداین کورد پێویستی بە یەک دەنگییە.. دەستی تۆمەت بۆ هیچ لایەک ڕاناکێشین هەتا هێزەکانی ئاسایش دەگەنە ئەنجامێک" ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وای وت.