عێراق و توركیا گفتوگۆكانی هەناردەكردنەوەی نەوت دەبەنە قۆناغێكی ‏باڵا؛ هاكان فیدان دێتە بەغداد و هەولێر

18-08-2023 04:35

پەرەگراف

پاش نزیكەی پێنج مانگ لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی ‏كوردستان، هەفتەی داهاتوو عێراق و توركیا لەسەر ئاستی باڵا ‏گفتوگۆكانیان لەوبارەیەوە دەست پێ‌ دەكەنەوە. وەزیری دەرەوەی توركیا ‏دێتە بەغداد و سەردانی هەولێریش دەكات.‏

ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت ئاشكرای كرد، عێراق و توركیا هەفتەی ‏داهاتوو لەسەر ئاستی وەزارەتەكان سەردانی یەكتر دەكەن، ئەمەش لە ‏كاتێكدایە دانوستانەكان بۆ كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا ‏بەردەوامە.‏

بەپێی لێدوانی چوار بەرپرسی عێراقی بۆ ماڵپەرەكە، هاكان فیدان، ‏وەزیری دەرەوەی توركیا، لە ڕۆژانی 23 و 24ی ئاب سەردانی بەغداد و ‏هەولێر دەكات.‏

هاوكات بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، وا بڕیارە ‏حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، سەرەتای هەفتەی داهاتوو ‏سەردانی ئەنقەرە بكات.‏

كۆبوونەوەكان لە كاتێكدان كە پێشتر باس لە سەردانی ڕەجەب تەیب ‏ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بۆ عێراق دەكرا، هەروەها وەزیری ‏سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ ‏لەسەر كێشەی نەوت، دێتە عێراق.‏

پێدەچێت سەردانی ئەردۆغان بكەوێتە دوای كۆبوونەوەی بەرپرسانی ‏باڵای توركیا لەسەر ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و سەرۆككۆماری ‏توركیا بۆ واژووكردنی ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی هەناردەی نەوتەوە ‏سەردانی بەغداد بكات.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوە ‏ڕاگیرا، پاش ئەوەی كە ئەنقەرە سكاڵایەكی لەوبارەیەوە لە دادگای ‏نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس بە بەغداد دۆڕاند.‏

بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد بە ‏ڕادەستكردنی نەوت بە بەغداد و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕازی ببێت. لە ماوەی نزیكەی پێنج ‏مانگی ڕابردوویشدا، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، ملیاران دۆلار ‏زیان بە هەرێمی كوردستان گەیشتووە.‏