بنەماڵەی سەعید ئاغا بۆڵی: سیهاد بارزانی بە زەبری هێز، باغ و زەوییەكانمانی داگیر و سیاج كردووە

17-08-2023 03:25

پەرەگراف

بنەماڵەی سەعید ئاغای بۆڵی لە حاجی ئۆمەران، دەڵێن "سیهاد بارزانی، برای مەسعود بارزانی، بە زەبری هێز باغ و زەوییەكانی ئێمەی داگیر و سیاج كردووە". ڕوو لە مەسعود بارزانی دەڵێن "بە ناوی ئێوەوە غەدر لە ئێمە دەكرێت"، داوایشی لێ‌ دەكەن ئەو "زوڵمە" ڕابگرێت.

ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی ئەو بنەماڵەیە و خاوەنی زەوییەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، ئەو زەوییانەی لەلایەن سیهاد بارزانییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، زیاتر لە 150 دۆنمە و هی 52 خێزانە.

ئەوان نیگەران بوون لەوەی كە "بەم هاوینە دەست بەسەر زەوییەكاندا گیراوە و تەلبەند و سیاج كراون و ڕەز و باخەكانمان خەریكە وشك دەبن".

بنەماڵەی سەعید ئاغای بۆڵی كە بنەماڵەیەكی دیاری سنووری حاجی ئۆمەرانن، زۆرینەیان یەكێتین. بەشێكیان لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دادەنیشن و بەشێكیان لە حاجی ئۆمەران.

بنەماڵەكە نامەیەكی كراوەیشیان ئاراستەی مەسعود بارزانی كردووە و تێیدا دەڵێن "سكاڵامان هەیە لەسەر هەڵسوكەوتی نابەرپرسانەی هێزەكانی پشتیوانیی یەك (سیهاد بارزانی بەرپرسی هێزەكەیە)، كە بەم دواییانە هاتوونەتە حاجی ئۆمەران و بە ناوی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مەكتەبی سەرۆكەوە دەستدرێژی دەكەنە سەر زەوییەكانمان".

"دەستمان بۆ هەموو دەرگایەك درێژ كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، هیچ لایەنێكی فەڕمی و نافەڕمی وەڵامی داواكانی ئێمەی نەداوەتەوە. دواتر لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەندان ناوەند و كەناڵی تری پەیوەست بەو كێشەیە دانیشتنمان كردووە، هەموو هەوڵەكانمان بێ ئەنجام بووە و بێموراد ماوینەتەوە"، بنەماڵەكە وا دەڵێن.

بنەماڵەی سەعید ئاغای بۆڵی ئاماژە بە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بەهێزی بنەماڵەكەیان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی دەدەن و دەڵێن "لە چەندان وێستگەی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و پێشمەرگایەتیدا، كە میوان بوون لای ئێمە لە حاجی ئۆمەران، چاكە و پیاوەتیمان هەبووە بەسەریانەوە، كەچی ئێستا لە پای پاداشت و ستایش، پەرچەكرداری داگیركردن و تەلبەندكردن و تەهدید كردن دەبینین".

هەروەها ڕوو لە مەسعود بارزانی دەڵێن "بە ناوی ئێوەوە غەدر لە ئێمە دەكرێت"، هەر بۆیە داوایشی لێ‌ دەكەن ئەو "زوڵمە" ڕابگرێت و دەڵێن "ئێوە سەرۆك و سەركردەی ئەو وڵاتەن، ئێوە خۆتان خاوەنی ئەم خەڵك و خاكەن، چەند پارچە زەوییەك لە شارۆچكەیەكی دوورەدەست، چ ئەرز و نرخێكی هەیە بۆ ئێوە؟!".