پەرەگراف
حکومەتی هەرێم بووە بە ژێر قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی کوردستان و داوای سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزەکانیان دەکەن، ئەوە لەکاتێکدایە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت نزیک دەبێتەوە لە ٥ مانگ و لەگەڵ کەمکردنەوەی خەرجیی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، نیگەرانیشن لە ناڕوونیی داهاتووی کەرتی نەوت لە هەرێم.
هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دیاری نەکراوەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دوودڵ و نیگەرانن لەو دۆخەی بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە دروست بووەو زۆرترین زیانی بە ئەوان و حکومەتی هەرێم گەیاندووەو هەزاران کەسیشی بێکارکردووە.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن کە لە کێڵگە نەوتییەکانی سەرسەنگ کار دەکات، ڕایگەیاند، هیوایەکی کەمیان هەیە کە بەمزووانە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا ئاسایی ببنەوەو هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ٤٠٠ ملیۆن دۆلار خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە لە ماوەی ئەمساڵدا لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم کە لە کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسەنگ کاردەکات، ڕایگەیاند داهاتەکانی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا دابەزیوە بۆ ٦ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار لە کاتێکدا لە هەمان چارەکی ساڵی ڕابردوودا ٤٤ ملیۆن و ٨٤ هەزار دۆلار بووە.
لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە کۆمپانیاکان کارەکانیان ڕاگرتووە بەڵام بەشیکیان بەردەوامن لە کارکردن، هاوکات داوای ئەو قەرزانە دەکەن کە لەئەستۆی حکومەتی هەرێمە بیانداتەوەو چاویان لەوەیە لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغدادا مافەکانی ئەوان پارێزراوبێت بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیانە.
حکومەتی هەرێم چاوی لە دەستی بەغدایە بۆ ناردنی بودجە تا بتوانێت قەرزی کۆمپانیاکان بداتەوە، بەڵام بەغداد تائێستا پارەی بەشی مووچەی تەواویش نەناردووە نەک شایستەی کۆمپانیاکان، حکومەتی هەرێم ١٩٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار قەرزاری کۆمپانیای ئێچ کەیئێنە کە بنکەکەی لە ئەمەریکایەو دەبوو لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم تا ئازاری ئەمساڵ ئەو پارەیەی ڕادەست بکردایە، کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجیش داوای ١١٠ ملیۆن دۆلار و شاماران داوای ٩٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار دەکات.
کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن دەڵێت، ڕوون نییە کە ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت دڵنیایی پێشکەش بە بەرهەمهێنەرانی نەوت بکات بۆبەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بۆئەوەی ڕادەستی بەغدادی بکات لە بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی کە ئەوەمەرج و پابەندییەکە لەسەر هەرێم بەپێی یاسای بودجەی عێراق.
پاش بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس كە عێراق سکاڵاکەی لە تورکیا بردەوەو ئەو وڵاتە ناچار کرا ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارقەرەبووی عێراق بکاتەوە بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە، ئەنقەرە هەناردەی نەوتی هەرێمی ڕاگرت و چاوەکان لەسەر ئەوەن لەسەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق بڕیار لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بدرێت.
ئەو دۆخە لەکاتێکدایە هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند گفتوگۆکانیان چڕکردووەتەوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت وگازی عێراق کە دەبوو ١٨ ساڵ لەمەوبەر دەربکرایە، ئەو یاسایە بۆ حكومەتی هەرێم گرنگە، بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا، یاسای نەوتو گازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو بە نادەستوریی لەقەڵەمیداو هەرێمی پابەندكرد بەوەینەوتو گاز رادەستی بەغداد بكات.