فەرمانی دەستگیرکردنی وەزیری پێشووی دارایی و سێ بەرپرسی نزیکی کازمی بۆ پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی نێردرا
پەرەگراف
فەرمانی دەستگیرکردنی وەزیری دارایی پێشووی عێراق و سێ بەرپرسی باڵاو کەسی نزیکی مستەفا کازمی بۆ پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی نێردرا کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە دزیی سەدە دادگا داوایان دەکات، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کازمیش دەردەچێت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکردووە بۆ هەریەکە لە؛ عەلی عەللاوی وەزیری دارایی کابینەکەی مستەفا کازمی و سێ کەسی نزیکی کازمی کە رائید جوحی بەڕێوەبەری نووسینگەکەی و ئەحمەد محەمەد نەجاتی سکرتێری تایبەتی و موشریق عەباس راوێژکاری سیاسی کازمی.
فەرمانی دەستگیرکردنەکان لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی(ئینتەرپۆڵ) کران، بە مەبەستی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنیان بە دادگای عێراقی.
بەپێی نووسراوەکانی داواکاری گشتی، عەلی عەللاوی بەپێی بڕگەی ١١ لە ماددەی ٤٤٤ی یاسای سزادانی عێراقی داواکراوە کە تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی دزی لە دەوڵەت و فەرمانگەکانی دەکەن و سزاکەی کەمتر نییە لە حەوت ساڵ بەندکردن.
سێ داواکراوەکەی دیکەی نزیک لە کازمی، بەپێی مادەی 316ـی یاسای سزادانی عێراقی داواکراون کە تایبەتە بە سزای ئەو فەرمانبەر یان کەسانەی بە ئەرکی خزمەتێکی گشتی ڕادەسپێردرێن و دزی دەکەن یاخود شتی تایبەتی دەوڵەت دەبەن کە مافی ئەوەیان نییەو، سزاکەی زیندانیکردنە بۆ ماوەیەک کە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.
ئەو بەرپرسانەی پێشووی حکومەتی عێراق تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی دزیی سەدەیان دراوەتە پاڵ، هەفتەی ڕابردووش حەیدەر حەنوون سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق تێوەگلانی ئەو بەرپرسانەی لە دزیی سەدە ئاشکرا کردو وتی "لیستێکی بڵاوکراوەی سووریان بۆ دەرکراوە".
پێشتریش هەرلەسەر تێوەگلان لە گەندەڵیی، دادگای عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت لە کابینەکەی مستەفا کازمی دەرکردو، ئەوە بڵاوکرایەوە کە چەندین بەرپرسی دیکەی کابینەکەی کازمی ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هاوکات لەگەڵ ئەو زنجیرە لە فەرمانی دەستگیرکردن، عەلی توركی ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "لە رۆژانی داهاتوودا فەرمانی دەستگیركردن بۆ مستەفا كازمیش دەردەچێت، بەوپێیەی بڕیاری هەڵەی دەرکردووەو فەرمانی دامەزراندنی بۆ بەڕێوەبەری گشتی دەستەی باجەکان دەرکردووە کە گومانی ڕوونی لەسەرە لە دۆسیەی دزیی سەدەدا".
دزیی سەدە بریتی بوو لە دزرانی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستەی گشتیی باجەکان لە بانکی ڕافیدەین کە لەلایەن وەزیری نەوتی عێراق پەردەی لەسەر لادراو، بووە باسێکی گەرمی پەرلەمان و شەقامی عێراقی.
ئەو دزییە لە نێوان 1ى ئەیلوولی 2021 تاوەکو 15ى ئابی 2022 کراوە کە لەو ماوەیەدا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، ئەو پارەیە دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەى شایستەى وەرگرتنى بن.
دوای ئاشکرابوونی ئەو دزییە گەورەیە کە بە دزیی سەدە ناونرا، حکومەت و ئەنجومەنی دادوەریی عێراق زنجیرەیەک ڕێوشوێنیان گرتەبەر و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاماژەیان بە پێشێلکاری و کەمتەرخەمی کردووەو دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکەن کە کارئاسانییان بۆ دزرانی ئەو پارەیە کردووە.
عێراق تائێستا گەڕاندنەوەى دوو وەجبە لەو پارە دزراوەی ڕاگەیاندووە کە زۆر کەمە بەراورد بە کۆی پارە دزراوەکەو تەنها 317 ملیار و 535 ملیۆن و 536 هەزار و 252 دینارەو، هێشتا نەیتوانیوە بەشەکەی دیکەی پارە دزراوەکە بگەڕێنێتەوە.