پەرەگراف
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن بۆ پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكان و گەیشتنە ئەنجامێکی ئاشتییانە لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆچارەسەری کێشەکان، لە ڕۆژانی داهاتووش جارێكی دیكە شاندی ھەرێم دەچێتەوە بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ناردنی بودجە.
"هەروەك دەزانن پێشتر گازاندەی ئەوە دەكرا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچە نادات یان لە كاتی خۆی مووچەی نەداوە، دەمەوێ ئەوە بڵێم كە هەتا ڕێگری لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان كرا، حكوومەتی هەرێم بە شانازییەوە هەموو مانگێك مووچەی خەڵكی كوردستانی دابین كردووە. بە خۆشی بووبێت و بە زەحمەت و هەر جۆرێك بووبێت، بەڵام ئێمە ئەو بەرپرسیاریەتییەمان لە ئەستۆ گرت و لەخزمەتی خەڵكی خۆمان بووین" سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە وتاری کردنەوەی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی لە زاخۆ وای وت.
وتیشی "ئێستاش ئەو فشارەی لەسەرمانە دیسان ڕەنگە بۆ ئەوە بێت كە ئێمە واز لە هەندێك مافی دەستووریی خۆمان بێنین، بەڵام من دەمەوێ دڵنیاتان بكەمەوە كە ئێمە واز لە مافە دەستوورییەكانمان ناهێنین".