ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ گرانبوونی نرخی كارەبادا ‏نیین

14-08-2023 04:09

پەرەگراف

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی ‏پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی سەبارەت بە زیادكردنی كرێی كارەبا كۆبووەوە. ‏سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێت "پێمان وایە پێوەری زیرەك هێشتا لە ئاست تموحی ‏پارەپەیداكردنی حكومەتی هەرێمدا نەبووە، بۆیە سیستەمێكی تریان داهێناوە كە ‏پریپەیدە و نرخی یەك كیلۆوات كارەبا لە 18 دینارەوە بووە بە 156 دینار".‏

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ‏ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە "ئێمە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ گرانبوونی نرخی ‏كارەبادا نیین و پێمان وایە پلانێكی سەركەوتوو نەبووە كە لەگەڵ مووچە و جووڵەی ‏بازاڕ و بازرگانی بگونجێت".‏

ئازاد حەمەئەمین وتیشی "وەزارەتی كارەبا لە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانیدا نەیتوانیوە ‏كارەبا وەكوو پێویست بۆ هاووڵاتیان دابین بكات. سەردەمێك سیستەمی 16 ئەمپێری و ‏‏20 ئەمپێرییان هێنا، سەركەوتو نەبوو".‏

یەكێك لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە ‏سلێمانی‎ ‎‏ جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی كرێی كارەبا كردەوە و ‏ڕایگەیاند "سكاڵا تۆمار دەكەن".‏

ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی یاداشتێكیشی ‏ئاراستەی سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پارێزگار و ‏ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە و دەڵێن "ئێمە بە نوێنەرایەتیی دانیشتوانی ‏سەرجەم پرۆژەكانی نیشتەجێبونی شاری سلێمانی كە بە (های كۆست) پۆلێن كراوین، ‏ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لە بەرامبەر گرانبوونی نرخی كارەبای نیشتمانی لە ( ١٨ ‏دینارەوە بۆ ١٥٦ دینار)".‏

ئەوان دەڵێن "لەم بڕیارەدا بە هیچ جۆرێك ڕەچاوی ئاست و توانای داراییمان نەكراوە كە ‏بەبێ بوونی هیچ فلتەرێك و هیچ پێوەرێك ئەو بڕیارە لە لایەن حكومەتەوە دراوە بێ ‏بوونی هیچ یاسایەك و بێ ئاگا لەوەی دانیشتوانی سیتییەكان زۆرینەیان مووچەخۆرن و ‏بە پێشەكییەكی كەم و قیستی مانگانە بوون بە خاوەنی ئەو یەكانەی كە لە ستیەكاندا ‏هەیە".‏

‏"لە كۆتاییدا ئێمە بە شێوازێكی زۆر شارستانییانە داوای مافی خۆمان دەكەین، بەڵام ‏ئەگەر تا ١ی 9 لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت دۆخی ئێمەی هاووڵاتیانیان بەلاوە ‏گرنگ نەبێت و نەیەن بەدەم داواكەمانەوە، ناچارین تەواوی دانیشتووانی سیتییەكان ‏هەڵوێستی دیكەمان هەبێت"، ئەنجوومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون ‏لە سلێمانی وا دەڵێت