هێزە ئەمنییەكانی دهۆك ڕێگری لە چالاكییەك بۆ ساڵیادی تیرۆكردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن دەکەن

13-08-2023 06:46

پەرەگراف

هێزە ئەمنییەكانی دهۆك ڕێگرییان لە چالاكییەك بۆ ساڵیادی تیرۆكردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن كرد.

ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی بۆ بەرزڕاگرتنی حەوتەمین ساڵیادی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن، ئێوارەی ئەمڕۆ هەوڵیان دا بچنە سەر گۆڕی ئەو ڕۆژنامەنووسە دهۆك، بەڵام لەلایەن ئەو هێزە ئەمنییەی لە ناوچەكەدا بڵاوەی پێ‌ كرابوو، ڕێگرییان لێ‌ كرا.

ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی بە میدیاكانی ڕاگەیاند "ئێمە ویستمان بچینە سەر گۆڕی شەهید وەدات و بەیاننامەیەك بخوێنینەوە و دووپاتی بكەینەوە كە قەڵەمەكەی نەكەوتووە و ئێمە تەواوكەری ڕێگاكەی ئەوین، بەڵام هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریمان لێ‌ كرا".

ئومێد بەرۆشكی وتیشی "ئەم ڕێگرییانە و دەستگیرنەكردنی بكوژانی وەدات حسێن، دەرخەری ئەوەیە كە هۆكاری شەهیدكردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە خودی دەسەڵات بووە".

"دەبێت بە زوویی ئەم شێوازی سەركوتكردنەی دەنگی ناڕازی لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە دەڤەری بادینان كۆتای پێ‌ بهێنرێت. هەتا كەی خەڵكی بادینان لەسەر كاری سیاسی و بیروڕای خۆی سزا بدرێت؟! دەبێت بە زوویی كۆتایی بەم دەسەڵاتە پۆلیسییە بهێنرێت"، ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی وای وت.

لە ڕۆژی 13-8-2016 ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن لە گەڕەكی ماڵتای شاری دهۆك لەلایەن ژمارەیەك چەكداری دەمامكدارەوە ڕفێندرا و ئەشكەندە درا، پاش چەند كاتژمێرێك بە برینداری دۆزرایەوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا. تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێكی ئەو ڕووداوە دەستگیر نەكراوە و كەیسەكە بە كراوەیی ماوەتەوە.