نەوەی نوێ بۆ دەنگدەران: بە حەماسێکی زۆر و هیوایەکی گەورەوە بڕۆن کارتەکانی دەنگدان وەربگرنەوە
پەرەگراف
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ھەڵمەتێک دەست پێدەکات بۆ ھاندانی دەنگدەران تا کارتی دەنگدان نوێ بکەنەوەو بە گرنگییەوە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕوانن و ئامادەبن بۆ دەنگدان.
"بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشحاڵییەوە برۆن کارتی دەنگدان نوێ بکەنەوە و وەریبگرنەوە و خۆتان ئامادە بکەن بۆ دەنگدان، سندوقەکانی دەنگدان بکەینە دەرفەتی سزادانێکی گەورەی ئەو دەسەڵاتەی کە مانەوەیان مەترسییە لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێم" جوڵانەوەکە وادەڵێت.
دەقی ڕاگەیەندراوێک لە نەوەی نوێ وە
هاونیشتیمانیانی ئازیز، هاوڵاتیانی خۆشەویست، گەنجان و لاوان، ژنان و کچانی وڵات، کوڕان و پیاوانی بە هیمەتی کۆمەلگەی کوردستانی، تێکرای چین و توێژەکانی کوردەواری.
لەم ساتەوەختە ناهەموارەدا کە هەرێمەکەمان بە دەست حوکمڕانی شکستخواردوی جوت حیزبی دەسەڵاتدارەوە دەرگیر بووە، دەرفەتێکی گرنگی مێژوویی هاتۆتە بەردەم هەمومان کە هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەینە دەرفەتی تۆڵەی هەموو ئەو بێباکی وگەندەڵی و خراپی و بەدکارییەی دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدەن. کە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لە مێژوی ٣٢ ساڵی رابردوو بە فشاربەم دوو حیزبە ئەنجام دەدرێت پاش چەندین جار دواخستن. وە یەکەم هەڵبژاردنە کە هەموو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی چاویان لەسەریەتی و هەروەها کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات.
ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە خۆمان بە بەدیلی ئەم دەسەڵاتە تەقلیدی و شکستخواردوەی هەرێم دەزانین و دەمانەوێت ئەم وڵاتە چاکبکەین، داواتان لێدەکەین کە بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشحاڵییەوە برۆن کارتی دەنگدان نوێ بکەنەوە و وەریبگرنەوە و خۆتان ئامادە بکەن بۆدەنگدان، بە تایبەت ئەو گەنجانەی ئەم هەڵبژاردنە یەکەم جاریانە دەنگ دەدەن.
هەمومان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کە ئەم فرسەتە دوایین فرسەتە لە بەردەم خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لەم دۆخە خراپ وگوزارەنە خراپەی کە هاوڵاتییانی تێدایە، وە دەتوانین سندوقەکانی دەنگدان بکەینە دەرفەتی سزادانێکی گەورەی ئەو دەسەڵاتەی کەمانەوەیان مەترسییە لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێم.
وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لە ساڵانی رابردودا بە کردار سەلماندومانە متمانەی ئێوە وون ناکەین و ئەوەی لە دەستمان هاتبێت لە خزمەتکردومانە، بۆیە بەسەربەرزی و بە متمانەیەکی زۆرەوە جارێکی تر داواتان لێدەکەین کە بڕۆن کارتەکانتان وەربگرنەوە، چونکە خۆتان ئاگادارنکە دەسەڵاتە و میدیا و سێبەرەکانیان خەڵکە بەشخوراو و نارازییەکە سارد دەکەنەوە لە بەشداری دەنگدان و خۆشیان بە جۆرەها شیواز داوالە گروپەکانی خۆیان دەکەن کە کارتەکانیان وەربگرنەوە تاوەکو هەوڵ بدەن زیاتر بمێننەوە لە دەسەڵات و زیاتر خەڵک سزا بدەن.
لە ساڵانی رابردودا بەشێک لە خەڵکی ئەزیزی کوردستان، بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدانیان تاقیکردەوە، بەڵام بەداخەوە بەرهەمی ئەو بایکۆتەبریتی بوو لە بەهێزکردنی زیاتری دەسەڵات و باجی زیاتر و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و فشاری زیاتر بۆسەر کاسبکارو فەرمانبەر و گەنج و تەواوی توێژەکان.
ئێمە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەو هێزەین کە بە پشتیوانی خوا و دەنگی ئێوە ئێستا و ئایندەی ئەم وڵاتە دەگۆڕین، بۆیە داواتان لێدەکەین کەخۆتان و کەس و کارتان، گەنجان و نەوەی نوێ، هەموو چین و توێژەکان بە حەماسێکی زۆر و هیوایەکی گەورەوە بڕۆن کارتەکانی دەنگدان وەربگرنەوە و ئامادەبن بۆ دەنگدانی داهاتوی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
١٣ ی ئۆگەستی ٢٠٢٣