پەرەگراف
پاش یەك هەفتە لە قەدەغەكردنی تەلەگرام، وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق قەدەغەی سەر ئەو ئەپڵیكەیشنەی هەڵگرت و لەمڕۆوە هاووڵاتیانی عێراق دەتوانن تۆڕەكە بەكار بهێنن. كۆمپانیای تەلەگرام دەڵێت "چەند چەناڵێكمان داخستووە كە زانیاریی كەسییان دزە پێ كردووە".
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە پاش ئەوە هاتووە كە كۆمپانیای تەلەگرام وەڵامی داواكارییەكانی دەزگا ئەمنییەكانی عێراقی داوەتەوە بۆ ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی كە زانیاریی هاووڵاتیان دزە پێ دەكەن.
هەروەها كۆمپانیاكە ئامادەیی تەواوی دەربڕیوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و دامەزراندنی كەناڵی فەرەمی بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق.
وەزارەتی پەیەندییەكانی عێراق جەختی كردووەتەوە كە دەبێت خاوەنی كۆمپانیاكانی خاوەنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕێز لە یاساكان و ئاسایشی وڵات و زانیارییەكانی بەكارهێنەرانی عێراقی بگرن.
بەرپرسانی كۆمپانیای تەلەگرام بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە "چاودێرەكانمان چەند چەناڵێكیان لە عێراق داخستووە كە زانیاریی كەسییان دژە پێ كردووە. جەختیش دەكەینەوە كە داوای زانیاری لە هیچ بەكارهێنەرێك ناكرێت و زانیارییە كەسییەكانیش نادرێت بە هیچ لایەنێك".
ڕۆژی 6-8-2023، وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری دا كاركردنی ئەپڵیكەیشنی تەلەگرام لە عێراق قەدەغە بكات. وەزارەتەكە ڕایگەیاند "بڕیارەكە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی داتا كەسییەكانی هاووڵاتیاندایە".
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، لەسەر داوا و پێشنیازی دەسەڵاتە باڵاكان و پەیوەندیدارەكانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بڕیاری داوە بە قەدەغەكردنی تەلەگرام.
پاساوی وەزارەتەكە بۆ قەدەغەكردنی تەلەگرام، ئەوە بوو كە "لە ڕێگەیەوە داتاكانی دامودەزگا فەرمییەكان و زانیاریی كەسیی هاووڵاتییان دزەی پێ كراوە".
"دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەت، چەندین جار داوایان لە ئیدارەی تەلەگرام كردووە كە هاوكار بن لە داخستنی ئەو سەكۆ و شوێنانەی هۆكارن بۆ دزەپێكردنی داتا و زانیارییەكانی دامودەزگا فەرمییەكان و زانیاریی كەسیی هاووڵاتییان، بەشێوەیەك كە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئاشتیی كۆمەڵگە دروست كردووە، بەڵام كۆمپانیاكە وەڵامی نەداوەتەوە و هیچ یەكێك لەو داواكارییانەی جێبەجێ نەكردووە"، وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق وای وت.
وەزارەتی گەیاندنی عێراق جەختی كردەوە كە ڕێز لە مافی هاووڵاتیان و ئازادیی ڕادەبڕین و گەیاندن دەگرن، بەڵام "بەبێ ئەوەی دەست بۆ ئاسایشی دەوڵەت و دامودەزگاكانی ببرێت"، هەر بۆیە متمانەیان بەوەیە كە "هاووڵاتییان لەو ڕێكارە تێدەگەن".