پەرەگراف
تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان (سی ئێن ئۆ)، دۆخی گەنجانی هەرێم بە "خراپ" وەسف دەكات و ئاماری كۆچ، بێكاری و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەخاتە ڕوو.
سیروان گەردی، سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "لە 2020 بۆ 2021، نزیكەی 31 هەزار گەنج كۆچی كردووە، لە ساڵی 2022، دوو هەزار گەنج و لە شەش مانگی یەكەمی 2023یش 530 گەنج كۆچیان كردووە. بە گشتیش لە سێ ساڵدا 36 هەزار و 530 گەنج كۆچیان كردووە".
سیروان گەردی، بێكاریی بە هۆكاری سەرەكیی كۆچ ناو برد و وتی "گەنجان دەڵێن: لەبەر نەبوونی ئایندە لە هەرێمی كوردستان كۆچ دەكەن"
سەبارەت بە ئاماری بێكاری لە هەرێم، سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان وتی "لە ساڵی 2020، ڕێژەی بێكاری لە هەرێم لەسەدا لەسە 14 بووە، ساڵی 2021 بۆ لەسەدا 15.4 و لە ساڵی 2022 بۆ لەسەدا 18 بەرز بووەتەوە، بەڵام لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023 بۆ لەسەدا 15 دابەزیوە".
تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان ساڵانە كۆنفرانس و چالاكیی لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە گەنجان بە تایبەت لەسەر ماددەی هۆشبەر، بێكاری و كۆچی گەنجان ڕێك دەخات.
سیروان گەردی سەبارەت بە ئامارەكانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر ڕایگەیاند "لە ساڵی 2014دا 142 كەس لەسەر ماددەی هۆشبەر لە زینداندا بوون، لە 2020دا بووە بە هەزار و 113 كەس تەنیا لە هەولێر و دهۆك، لە 2021دا بەرزبووەتەوە بۆ 1943 كەس لە هەولێر و دهۆك و 943 كەس لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان، هەروەها لە 2022دا بووە بە هەزار و 217 كەس لە هەولێر و دهۆك و 800 لە سنووری سلێمانی، لە شەش مانگی یەكەمی 2023یش 503 كەس لە هەولێر و دهۆك لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون".
بە قسەی سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگیی ڕێكخراوەكان، دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر و سلێمانی "هاوكاری یەكتر نین" لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و دەشڵێت "لایەنی سیاسی هەیە كە بەشدارە لە ترانزێتی ماددەی هۆشبەر لە نێوان ئێران-هەرێمی كوردستان- توركیا".