پەرەگراف
ئەو سێ كەسەی لەسەر ڕێگای سەیدسادق - پێنجوێن و لە نزیك ناحیەی ناڵپارێز بە بۆردوومانی درۆن گیانیان لەدەست دا، هاووڵاتیی مەدەنیی بە ڕەگەز عەرەب بوون و لە ئەسڵدا خەڵكی مووسڵن، كەسوكارەكەیان پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كردووە بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەكە و دواتر وەرگرتنەوەی تەرمەكان. پێشتر دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاندبوو ئەو ئۆتۆمبێلەی كراوەتە ئامانج هی "چەكدارانی پەكەكە" بووە.
هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ كەسوكاری قوربانییەكان هاتوونەتە لامان و تا ڕاددەیەكی زۆر بۆمان ڕوون بووەتەوە كە ئەو سێ كەسەی دوێنێ كرانە ئامانج، هاووڵاتیی مەدەنی بوون".
هێمن ئیبراهیم وتیشی "سێ قوربانییەكە دوو پیاو و کچێک بوون، دوو پیاوەكە لە پێشەوە بوون، کچەکەیش كە لەدایكبووی ساڵی 2006ـە و کچى ئەو پیاوەیە کە لە سەکندا دانیشتووە، لە دواوە بووە".
وەكوو بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە، دوو پیاوەكە هاوڕێی یەكتر بوون و دوو كچیان لە ئێران پێكەوە قوتابی بوون، لە ڕێگادا بوون بەرەو مەرزی باشماخ تا كچەكانیان لەسەر سنوور بهێننەوە، بەڵام بەر لە گەیشتنیان بە پێنجوێن كراونەتە ئامانج.
"پیاوێكیان كارمەندی كۆمپانیای ئاسیا سێڵە لە دهۆك، پیاوێكی دیكەیان بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكە لە مووسڵ"، هێمن ئیبراهیم بۆ پەرەگراف وای وت.
هاوكات سەرچاوەیەك لە تەندروستیی پێنجوێن بۆ پەرەگراف پشتڕاستی كردەوە كە "قوربانییەكان دوو پیاو و ئافرەتێك بوون".
كەسوكاری ئەو هاووڵاتیانە سەرقاڵی ڕێكارەكانن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەكان كە لە پزیشكی دادی سلێمانین.
لە دەوروبەری كاتژمێر 3:30 خولەكی ئێوارەی دوێنێ 11-8-2023، لە هەورازی ملەی نەڵمە لەسەر ڕێگای سەدسادق - پێنجوێن و لە نزیك ناحیەی ناڵپارێز، ئۆتۆمبێلێك لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرایە ئامانج، بەهۆیەوە سێ سەرنشینی ناوی بە تەواوی سووتان.
ئاشكرابوونی ناسنامەی قوربانییەكان لە كاتێكدایە كە دوێنێ پاش بۆردوومانەكە دژەتیرۆری كوردستان (دژەتیرۆری پارتی) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك وتی "بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی كردە ئامانج".
دژەتیرۆری پارتی هەر بەوە نەوەستاوە و دەشڵێت "بەهۆیەوە بەرپرسێكی باڵای پەكەكە و چەكدارێكی دیكە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە كوژران"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر ناسنامەی كەسەكان بخاتە ڕوو.