فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەسەر ڕێگەی سەیدسادق-پێنجوێن ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج؛ سێ کەس کوژران
پەرەگراف
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێك لە نزیك ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرایە ئامانج و سێ كەس گیانیان لەدەست دا.
هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لەسەر ڕێگای سەرەكیی سەیدسادق – پێنجوێن، لە هەورازی ملەی نەڵمەی نزیك سنووری ناحیەی ناڵپارێز، ئۆتۆمبێلێك لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كراوەتە ئامانج".
بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز وتیشی "ئۆتۆمبێلەكە سێ سەرنشینی تێدا بووە، هەرسێكیان سووتاون و گیانیان لەدەست داوە".
سەبارەت بە ناسنامەیان، هێمن ئیبراهیم بە پەرەگرافی وت "لەبەرئەوەی كەسەكان بە تەواوی سووتاون و جارێ ناناسرێنەوە، ناسنامەیان دیار نییە، دواتر لێكۆڵینەوە دەكرێت".
بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی ساتێک پاش ھێرشەکە، ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوەتی سووتاوە.
ھێشتا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو ھێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ و ناسنامەی سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دیار نییە، بەڵام بۆردوومانی ھاوشێوە لەلایەن تورکیاوە لە سەرتاسەری ھەرێم لە دژی ھێزەکانی پەکەکە ڕووی داوە و بەردەوامیشە.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا دوو ھێرشی بۆسەر دوو ئۆتۆمبێل لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دا، ھێرشێکیان لەگوندی گەڵاڵەی ماوەت و ئەوەی دیکەیان لەسەر ڕێگەی خەلەکان-دوکان کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان (دژەتیرۆری پارتی)، ڕایگەیاند: لەو دوو هێرشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆ سەر دوو ئۆتۆمبێلی چەکدارانی پەکەکە، بەرپرسێکی ئەمنیی پەکەکە و چەکدارێک کوژران و چوار چەکداری دیکەش بریندار بوون. پاشان بریندارێکی ھێرشەکەلە سلێمانی گیانی لەدەستداو ژمارەی کوژراوان بۆ سێ کەس بەرزبوونەوە.