كەسێك لە پیرەمەگروون سێ‌ ئەندامی خێزانێك دەكوژێت

10-08-2023 11:46
قوربانیانی ڕووداوەکەی پیرەمەگروون

پەرەگراف

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پیرەمەگروون، كەسێك دەستڕێژی گوللـەی لە خێزانێك كرد، سێ‌ كەسی كوشت و دوانی دیكەشی بریندار كرد. هێشتا نازانرێت ڕووداوەكە لەسەر چی بووە، بەڵام شایەتحاڵێك دەڵێت "هەردوو لا خزمن و پێش ڕووداوەكە پێكەوە بوون".

لە ڕووداوەكەدا دوو برا و کوڕى یەكێك لە براكان بە ناوەكانی هێمن عەبدولڕەحمان، پێشڕەو عەبدولڕەحمان و هاریوان پێشڕەو گیانیان لەدەست داوە، هەروەها هاوسەری پێشڕەو عەبدولڕەحمان و كرێكارێكیش بریندار بوون و باری تەندروستییان جێگیرە.

"ئەو كەسە بە چەكەوە هاتووە، هەركەسێكی لەوێدا بینیوە، تەقەی لێ‌ كردووە، دواتر چووەتە ژوورەوە لە كاتی نانخواردندا تەقەی لە چەند ئەندامێكی دیكەی خێزانەكە كردووە، هاریوان پێشڕەو كە هێنامان بۆ نەخۆشخانە پارووەكەی لەدەمدا بوو"، شایەتحاڵی ڕووداوەكە وای وت.

پێشڕەو ئیسماعیل، شایەتحاڵی ڕووداوەكە، لەبەردەم پزیشكی دادی سلێمانی بۆ میدیاكان وتی "ئەم دوو برایە شۆفڵی دەم درێژیان پێیە و شت بۆ خانوو سەردەخەن. ئەم ئێوارەیە لای ماڵی خۆیان كاشییان بۆ خانوویەك سەرخستووە، ئەم پیاوە (بكوژەكە) پێی وتوون تانكییەكم هەیە بۆم بخەنە سەربان، ئەوانیش وتوویانە باشە با ئەو كاشییانە دابگرین بەسەر چاو".

ئەو شایەتحاڵە وتیشی "دواتر كەسەكە ڕۆیشتووە و وتوویەتی: منیش پێنج دەقەی تر دێمەوە. كە هاتووەتەوە ئەم كارەساتەی خولقاندووە".

ئەو شایەتحاڵە كە دراوسێی و خزمی قوربانییەكانە، وتی "كەس نازانێت لەسەر چی بووە و تۆمەتبارەكەش هەڵاتووە".

"هەردوو لایەنی ڕووداوەكە خزمن و خەڵكی یەك شوێنن. من ئێوارە كە ڕۆیشتم بۆ مزگەوت و گەڕامەوە، هەدوولایان پێكەوە وەستا بوون"، شایەتحاڵەكە وای وت.

پاش چەند كاتژمێرێك مانەوەی تەرمەكان لە پزیشكی دادی سلێمانی، كاتژمێر 11:30 خولەكی ئەمشەو ڕادەستی كەسوكاریان كرانەوە و گەڕێندرانەوە بۆ پیرەمەگروون.