كەسوكاری گەنجەكەی خورماتوو: مەلا كەریم شكور خەڵك چەواشە دەكات و ئەوان تەقەیان لە كوڕەكەی ئێمە كردووە

10-08-2023 06:44
مەلا كەریم شكور، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی - مەهدی تەقی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق،

پەرەگراف

كەسوكاری ئەو گەنجەی كە یەكێتی دەڵێن هەوڵی "تیرۆركردن"ی بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی داوە، تۆمەتەكە ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "مەلا كەریم شكور دەیەوێت خەڵك چەواشە بكات و ئەوان تەقەیان لە كوڕەكەی ئێمە كردووە و سووكایەتییان پێ‌ كردووە".

یەكێك لەو گەنجانەی كە چووەتە مەڵبەندی یەكێتی، بۆ ڕووداو وتی "كارتەكەمان دا بە دەستی مەلا كەریمەوە، دڕاندی و ئیهانەی كردین، دوای ئەوە بە دوو پاسەوانی لە خاڵۆزاكەمیان دا و ئیتر وتمان با لەدەستیان دەرچین، لەو كاتەدا فیشەكێكیان بە خاڵۆزاكەمەوە نا".

كەسوكاری ئەو گەنجەی كە بریندارە، دەڵێن "نووسینگەی پەرلەمانتار مەهدی تەقی لە دووزخورماتوو لە گەڕەكی كۆماری دەكرێتەوە، كارتی بانگهێشتیان بۆ یەكێتی بردووە، بەڵام مەلا كەریم كارتەكەی لێ‌ وەرگرتوون و بە بەرچاویانەوە دڕاندوویەتی و بووەتە دەمەقاڵەیان. بە پاسەوانەكانی وتووە پەلاماریان بدەن. فیشەكیان تەقاندووە و فیشەكێك بەر سینگی كەوتووە".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەڵبەندی یەكێتی لە حەمرین ڕایگەیاند، مەلا كەریم شكور، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی 16ی حەمرینی ئەو حیزبە لە خورماتوو، كە هاوكات جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمانی عێراق، لە "هەوڵێكی تیرۆریستی ڕزگاری بووە".

دواتر مەلا كەریم شكور لە لێدوانێكدا بۆ پەیامنێری كوردسات نیوز وتی "من لە كۆبوونەوەیەكدا بووم و كاتژمێر یەك لە كاتی چوونە دەرەوەم لە دەرەوەی بیناكە، دوو گەنج بەرەو ڕووم هاتن وەكوو ئەوەی خۆیان ئامادە كردبێ بۆ ئەو كاتەی كە من دەچمە خوارەوە".

ئەو گەنجانە كارتێكی بانگهێشتكردن بۆ كردنەوەی بارەگایەكیان بە كەریم شكور داوە، بەڵام ئەو پێی وتوون كە "من بۆ ئەو جۆرە بانگهێشتكردنانە نایەم".

"یەكدوو قسە كەوتە بەینمان، من قسەیەكم كرد و ئەوان قسەیەكیان كرد، گەڕایە دواوە و دەمانچەی دەرهێنا و منیش دەمانچەم پێ‌ نەبوو، یەكسەر گەڕامە دواوە. دووسێ‌ فیشەكی نا بە منەوە، پاسەوانەكانم هەوڵیان دا و دەمانچەكەیان لێ‌ سەند"، كەریم شكور وای وت.

میدیای یەكێتی باسی لەوە كرد كە ئەو بانگهێشتكردنە بۆ كردنەوەی بارەگایەكی حەشدی شەعبی بووە و پەیامنێری كوردسات نیوز لە خورماتوو وتی "ئەو كەسەی قسەی لەگەڵ كەریم شكور كردووە و تەقەی لێ‌ كردووە، كوڕی كەسایەتییەكی خورماتووە و ئێستا پەیوەندیی بە حەشدی شەعبیی توركمانییەوە كردووە، خەریكی ناونووسكردنی خەڵكە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە حەشدەوە بكەن و دەیانەوێت بارەگایەك لەناو گەڕەكە كوردییەكان بكەنەوە".

بەڵام كەسوكاری گەنجە بریندارەكە ڕەتی دەكەنەوە كە ئەوەی دەكرێتەوە بارەگای حەشدی شەعبی بێت و دەڵێن "نووسینگەی پەرلەمانتار مەهدی تەقییە". دەشڵێن "ئەو كەسەی كە تەقەی كردووە، ڕادەستی پۆلیس كراوە. گەر ڕووداوەكە تیرۆریستییە، بۆچی بریندارەكەی ئێمە دەستگیر نەكراوە و پاسەوانەكەی خۆیان ڕادەست كردووە؟".

"مەلا كەریم دەیەوێت چەواشەكاری بكات و خەڵكی وا تێبگەیەنێت كە ئێمە دەمانەوێت شتێك دژی كورد بكەین، لە كاتێكدا خۆیان حەشدی شەعبییان بۆ خورماتوو هێنا و لە پەرلەمانی عێراقیش دەنگیان بە ڕەسمیكردنی حەشدی شەعبی دا، ئیتر موزایەدەی چی بەسەر خەڵدا دەكەن؟"، برایەكی گەنجە بریندارەكە وای وت.

مەهدی تەقی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، یەكێكە لە فەرماندە توركمانەكانی پێشووی حەشدی شەعبی و كەسایەتییەكی نزیك لە هادی عامرییە.