مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتی: بەرپرسی مەڵبەند لە هەوڵێكی تیرۆریستی ڕزگاری بوو

10-08-2023 01:41

پەرەگراف

مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتی، ڕزگاربوونی مەلا كەریم شكور، بەرپرسی مەڵبەندەكەی لە "هەوڵێكی تیرۆریستی" ڕاگەیاند. مەلا كەریم شكور دەڵێت "دوو گەنج لەناو حەوشەی مەڵبەند چاوەڕێیان كردووم و بەرەو ڕووم هاتن و دەمانچەیان پێ‌ بوو، بانگهێشتكردنیانم بۆ كردنەوەی بارەگایەك ڕەت كردەوە و قسە كەوتە بەینمان، سێ‌ فیشەكیان پێوە ناوم و ویستیان تیرۆرم بكەن".

ڕاگەیاندنی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتی لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ھاووڵاتیانی خۆشەویستی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە سوپاس بۆ خوا ھەڤاڵ مەلا كەریم، لێپرسراوی مەڵبەند، لە ھەوڵێكی تیرۆریستی لەناو بارەگای مەڵبەند، ڕزگاری بوو".

مەلا كەریم شكور، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی 16ی حەمرینی ئەو حیزبەیە لە خورماتوو، هاوكات جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمانی عێراق.

هەروەها نووسنگەی مەلا كەریم شكور جەخت دەكاتەوە كە "مەلا كەریم سەلامەتە و لە ھەوڵی تیرۆركردن ڕزگاری بووە".

مەلا كەریم شكور لە لێدوانێكدا بۆ پەیامنێری كوردسات نیوز وتی "من لە كۆبوونەوەیەكدا بووم و كاتژمێر یەك لە كاتی چوونە دەرەوەم لە دەرەوەی بیناكە، دوو گەنج بەرەو ڕووم هاتن وەكوو ئەوەی خۆیان ئامادە كردبێ بۆ ئەو كاتەی كە من دەچمە خوارەوە".

ئەو گەنجانە كارتێكی بانگهێشتكردن بۆ كردنەوەی بارەگایەكیان بە كەریم شكور داوە، بەڵام ئەو پێی وتوون كە "من بۆ ئەو جۆرە بانگهێشتكردنانە نایەم".

"یەكدوو قسە كەوتە بەینمان، من قسەیەكم كرد و ئەوان قسەیەكیان كرد، گەڕایە دواوە و دەمانچەی دەرهێنا و منیش دەمانچەم پێ‌ نەبوو، یەكسەر گەڕامە دواوە. دووسێ‌ فیشەكی نا بە منەوە، پاسەوانەكانم هەوڵیان دا و دەمانچەكەیان لێ‌ سەند"، كەریم شكور وای وت.

یەكێك لەو گەنجانە بریندار بووە و كەریم شكور دەڵێت "لە كاتی هەوڵی لێسەندنی دەمانچەكەدا، گەنجەكە هاوڕێیەكی تری لەگەڵ بوو وابزانم دەمانچەیەكی تریشیان پێ‌ بووە، لە بەینی خۆیاندا یەكێكیان فیشەكێكی بەركەوتووە و بریندار بووە، دواتریش لێكۆڵینەوە دەریدەخات چۆن بووە".

پەیامنێرى كوردسات نیوز لە خورماتوو وتی "ئەو كەسەی قسەی لەگەڵ كەریم شكور كردووە و تەقەی لێ‌ كردووە، كوڕی كەسایەتییەكی خورماتووە و ئێستا پەیوەندیی بە حەشدی شەعبیی توركمانییەوە كردووە، خەریكی ناونووسكردنی خەڵكە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە حەشدەوە بكەن و دەیانەوێت بارەگایەك لەناو گەڕەكە كوردییەكان بكەنەوە".